بوومەلەرزەیەکی بەهێز فلیپینی هەژاند

بوومەلەرزەیەکی بەهێز فلیپینی هەژاند

پەیامی کورد... بوومەلەرزەیەکی بەهێز فلیپینی هەژاند

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٠ پلەی ڕێختەر باکووری فلیپینی هەژاند و پەیمانگای بوومەلەرزەکانی ئەمریکا بە یەکێک لە توندترین بوومەلەرزەکان لە نزیکەی دەیەی ڕابردوو پۆلێنی کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧-٧-٢٠٢٢، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٠ پلەی ڕێختەر دوورگەی لوزون ی باکووری فلیپینی هەژاند و وەزارەتی کاروبارە نائاسایییەکانی فلیپین ڕایگەیاند، «تا ئێستا لانی کەم یەک کەس گیانی لەدەستداوە و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون،» کە پێشبینی دەکرێت سەروو ٦٠ کەس بن.

پەیمانگای بوومەلەرزەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر ١٢: ٤٣ خولەک بە کاتی ناوخۆیی و (٣: ٤٣ بەرەبەیان بە کاتی هەولێر)، ڕوویداوە و ناوچەی شاخاوی ئیبرا لە دوورگەی لوزونی باکووری فلیپینی گرتووەتەوە. ڕاشیگەیاند، «شەپۆل و لەرزینی زەوی بۆ دووری ٣٠٠ کیلۆمەتر ڕۆیشتووە و لە مانێلای پایتەختیش کە نزیکەی ٢٩٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی بوومەلەرزەکەوە دوورە، هەستی پێکراوە.»

دەیان هەزار کەس لە ماڵەکانیان چوونە دەرەوە و تیمەکانی فریاکەوتن دەستیان بە چۆڵکردنی ناوچەکانی دەوروبەری شوێنی بوومەلەرزەکە کرد؛ هەروەها سەرجەم هێڵەکانی گواستنەوە لە پاس، میترۆ، ترام و شەمەندەفەر ڕاگیران و ئەو ڕێگە سەرەکییانەی کە بەرەو ناوچەکانی باکووری وڵات دەچن، داخران.

ئەوە لە کاتێکدایە ناوەندی کەشناسیی فلیپین پێشبینی بوومەلەرزەی دیکەی کردووە و داوای لە خەڵک کردووە نەگەڕێنەوە ماڵەکانیان تاوەکوو ڕاگەیێندراوی فەرمی لەو بارەیەوە ڕادەگەیێندرێت.

فلیپین لە کیشوەری ئاسیایە و دەکەوێتە سەر هێڵی بوومەلەرزە کە بە «پشتێنی ئاگری» ناسراوە.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٣ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.١ دوورگەی بوهول-ی هەژاند کە بە هۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستدا و سەرووی ٤٠٠ هەزار کەسیش ئاوارە بوون.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە