نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەرتووکێکی بە دیاری پێشکەشی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد. نێوەڕۆکی پەرتووکەکە باسی خەباتی کوردانی یەکێتیی سۆڤییەت لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهاندا دەکات.
رۆژی چوارشەممە 9ی ئایاری 2018، نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پووتین لە مۆسکۆ کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا (پەرتووکی یادەوەرییەکان)ی پێشکەشکردووە.
پەرتووکەکە بە زمانی رووسییە و نێوەڕۆکەکەی باسی خەباتی کوردانی یەکێتیی سۆڤییەت دەکات دژ بە فاشیزم لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهاندا لە ساڵانی 1941 بۆ 1945، لەگەڵ ناو و پلە و شوێنی ئەو کوردانەی لە جەنگەکەدا شەهیدبوونە.
نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتێکی فەرمیی پووتین بۆ بەشداریکردن لە (رۆژی سەرکەوتن) 73ـیهمین ساڵیادی سهركهوتنی رووسیا بەسەر نازییەکان لە جهنگی دووهمی جیهاندا، رۆژی سێشەممە 8ی ئایاری 2018، گەیشتە مۆسکۆ، دوێنێش بەشداری لە رێوڕەسمەکە کرد، پاشان کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا.
دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە: "ڤلادیمیر پووتین و نێچیرڤان بارزانی لە کۆشکی کرێملین چاویان بە یەک کەوت و دیدارێکی کورتیان ئەنجامدا".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە