پەیامی کورد ... ژینگەی کوردستان لە مەترسی گەورەیە " ئاگاداری پاراستنی ژینگە بن " .
ژینگەی کوردستان بەھۆی دووكەڵی کارگەکان و پاڵاوگەکان و چەندین بابەتی تری پیسبوونی ژینگە پیس بووە. ڕۆژنامەنوسێک دەڵێت، بە بەڵگەوە لامانە و دیراسە کراوە کە ھۆکاری زۆربوونی نەخۆشیی شیرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان پیسبوونی ژینگەیە بە دووکەڵی کارگە و پاڵاوگە زیانبەخشەکان.
شێخ غالب ، ووتەبێژی دەستەی پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "وەک دەستەی پاراستنی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە چاودێریی پیسبوونی ژینگە لە لایەن کارگەکان و ڕیستورانت و پاشماوەی تەندروستی نەخۆشخانە ئەھلی و حکوومییەکانداین و ئاگاداری وەزارەتەکان دەکەینەوە بۆ ھەر پیسبوونێکی ژینگە. بۆ نموونە، پاشماوەی زیانبەخش و فڕێدراوی تەندروستی نەخۆشخانە ناحکوومی و حکوومییەکان پێویستە شوینی تایبەت بە فڕێدانی پاشماوەیان ھەبێت، بۆ ئەوەی ئەو ڤایرۆس و میکرۆبە جارێکی تر بڵاو نەبێتەوە، وەزارەتی تەندروستی لێ ئاگادار دەکەینەوە. یان پاڵاوگەکان کاتێک ھەوا و ژینگەی کوردستان پیس دەکەن وەزارەتی سامانە سروشییەکانمان لی ئاگادار دەکردەوە و ئیجرائاتی خۆیان دەکرد، ئەگەر ھات و پەیوەندیی بە پیسبوونی ڕێگاوبانی کوردستان بێت، بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی لێ ئاگادار دەکەینەوە."
شێخ غالب گوتیشی: "دەستەی پارستنی ژینگە، ڕاستەخۆ توانای ئیجرائات و سزادانی ھیچ کارگە و شوێنێکی نییە و کارگەکە سەر بە ھەر وەزارەتێک بێت، ئاگاداری دەکەینەوە، ئەوانیش ئاگاداریان دەکەنەوە، یان بۆ ماوەیەک شوێنەکە دادەخەن، یاخۆ مۆڵەتی کارکردنیان لێ وەردەگیرێتەوە."
ئاسۆ عەبدول لەتیف، ڕۆژنامەوان، پێوەست بە ھەمان بابەت، ڕایگەیاندووە : "ئێستا لەجیاتی ئەوەی قسە لەسەر ژینگەی کوردستان، یان جوانکردن و سەوزکردنی کوردستان بکرێت، بەداخەوە کێشەکە پێچەوانە بووەتەوە بۆ قسەکردن لەسەر نەخۆشییەکی مەترسیدار، کە شێرپەنجەی ڕۆڵەکانی کوردستانە. بێگومان ئەمە پەیوەندیی بەوە ھەیە کە دەستەی گەشتوگوزاری کوردستان و دەستەی پاراستنی ژینگە لە کوردستان پلان و بەدواداچوونی پێویستیان نییە، بەتایبەت بۆ دوو سێکتەری زۆر گرنک لە کوردستاندا، بەشێکی سەرەکی کە پەیوەندیی بە کارگەکانەوە ھەیە ھەر لە کارگەی دروستکردنی ئاسنەوە بۆ کارگەی دروستکردنی چیمەنتۆ و کارگەکانی دیکەی پاڵاوگەکانی نەوت، کە لە کوردستاندا ھەن. ئەوەی مەبەستە ئەوەیە کە قسە لەسەر ھەموو کوردستان بکرێت. بەتایبەتی ئێستا ناوچەی پیشەسازی لە شاری سلێمانی دروست کراوە، کە کەوتووەتە ڕۆژئاوای سلێمانی و ناوچەکانی بازیان و پیرەمەگروون، ئەمانە و چەندین کارگەی چیمەنتۆ و ئاسن کە لەڕاستیدا بوونەتە مەترسی بۆ سەر ژینگەی ناوچەکە، ئەم قسەیە تەنھا قسەی میدیاکارێکی کوردستان نییە، بەڵکو ئەمە دیراسە کراوە، بێت و سەردانی نەخۆشخانەکان بکەین، بەتایبەتی نەخۆشخانەی ھیوا و نانەکەلی، دەبینین چەندین کەس بەپێی ئامارێکی دیاریکراو لەو ناوچانە تووشی شێرپەنجەی مەترسیدار بوونە، خەڵکی ئەو ناوچانەش سکاڵایان بەرز کردووەتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار کە ئەو کارگانە ئاگادار بکرێنەوە کە چیتر کەرەستەی خراپ بەکار نەھێنن و فلتەری کارگەکانیان کۆنتڕۆڵ بکەن، چونکە ئەو چڕەدووکەڵەی ئیستای کارگەکان و ڕێستورانتەکان و پاڵاوگەکان مەترسیی ھەرەگەورەن لەسەر تەندروستی و ژینگەی ناوچەکە."
ئەو ڕۆژنامەنووسە بە بەڵگەوە دەڵێت: "بۆ زانیاری چوومەتە ناوچەکە بە کامێرای خۆم وێنەم گرتووە، بەڵگە لەبەردەستدایە کە بەردەکان چۆن توێژاڵێکی مەترسیداری دووکەڵی ژەھراوی داگیری کردوون و ڕێژەی بەرزبوونەوەی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەش بەرەو بەرزبوونەوەیە، خەڵک داواکارە لە حکوومەت و کابینەی نوێ کە بەدواداچون و چارەسەرێکی ڕاستەوڕاست بۆ ئەم دیاردانە بدۆزرێتەوە و ڕێوشوێنی بەهێز و جیددی بۆ کوالێتی ئۆتۆمبیلەکان و خۆراک و دەرمان و دووکەڵی مووەلیدە ناحکوومییەکان و دووکەڵی کارگەکان بکرێت و ئەو بەنزین و نەوتەی لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستانەوە دێنە ناو کوردستان کوالێتییەکەیان کۆنتڕۆڵ بکرێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە