پەیامی کورد ... بە گوێرەی هەواڵی ئاژانسەكانی ئابووری لە جیهان بڵاویان كردەوە ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی ٠٦ی ٢٠٢٠ بە هۆی زۆربوونی ژمارەی تووشبوانی نوێی کۆرۆنا لە جیهاندا، نیگەرانییەکان دەربارەی کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا سەری هەڵداوەتەوە، بەوەش نرخەکەی جارێکی دیکە ڕووی لە دابەزین کردەوە.
بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز ، ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت ٢٠ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، کە دەکاتە لەسەدا ٠.٥ی نرخەکەی، لە دوایین مامەڵەدا بە ٣٩.٥٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش لەپاش ئەوە دێت شەوی رابردوو نرخەکەی بەڕێژەی لەسەدا ٢.٦ بەرزبووەوە.
لەبەرامبەردا نرخی نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکی بە بڕی ٢١ سەنت کەمیکرد، کە لەسەدا ٠.٦ی نرخەکەیەتی و بە ٣٦.٩١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە بازاڕەکانی جیهاندا فرۆشرا، لە پاش ئەوەی شەوی رابردوو نرخەکەی بە رێژەی لەسەدا ٢.٤ زیادیکرد.
لە ئێستادا ژمارەی تووشبوانی ڤیرووسی کۆرۆنا لە ئەمریکای لاتین بە رێژەیەکی مەترسیدار لە هەڵکشاندایە، هاوکات لە چین و ئەمریکا ئەگەر بڵاوبوونەوەی شەپۆلی دووهەمی ڤیرووسەکە سەریهەڵداوە، بە بڕوای هەندێک لە ئابووریناسان لەوانەیە بەهۆیەوە جارێکی دیکەی پڕۆسەی داخستنی سنوورەکان و راگرتنی چالاکییە ئابووری بازرگانەکان دەستپێبکاتەوە، ئەوەش وایکردوە جارێکی دیکە نرخەکەی ڕوو لە دابەزین بکات.
لەلایەکی دیکەوە ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن ووڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک+ لەئارادایە، ئەوەش وایکردوە دابەزینی نرخەکەی لە سنوورێکی دیاریکراودا بێت.
دوێنێ دووشەممە وەزیری ووزەی ئیمارات رایگەیاند، متمانەی تەواوی هەیە کە ووڵاتانی ئۆپێک+ پابەندی تەاوی رێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەبن و لەکاتی پێویستیش بڕەکەی زیاتر کەمدەکەنەوە، بەهۆیەوە هیوای وەبەرهێنەران لەبارەی کەمبوونەوەی ئاستی خستنەڕووی ئەو بەرهەمە لەبازاڕەکاندا گەڕایەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە