پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاراستەی پەکەکە دەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاراستەی پەکەکە دەکات

پەیامی کورد      ...     پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێک ئاراستەی پەکەکە دەکات

بەشی رۆژنامەوانی دەزگای رۆشنبیری ‌و راگەیاندنی پارتی، ووڵامی‌ دوران كاڵكان ئەندامی كۆمیتەی بەڕێوبەری پارتی كرێكارانی كوردستان دەداتەوەو رایگەیاند، پەكەكە هۆكاری راكێشانی توركیایە بۆ هەرێمی‌ كوردستان.

دەقی‌ ووڵامەكە:

ووڵامێك بۆ دۆران كاڵكان و دەمامكدارەكانی پەكەكە….چیرۆكە وەهمیەكانتان نیشانەی ئیفلاسی سیاسییە
دوای ئەوەی جەمیل بایك و بەسێ هۆزات هاوسەرۆكانی كەجەكە،  لە بەخشینەوەی تۆمەت بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و، پارتی دیموكراتی كوردستان سەركەوتوو نەبوون و هەڵمەتە راگەیاندنەكەیان شكستی برد، ئەمجارە دۆران كاڵكان و تاقمێكی پەكەكە؛ شانۆیەكی دیكە دەگێڕن بە بەخشینەوەی تۆمەت و قسەی نابەجێ دەرهەق بە پارتی دیموكراتی كوردستان، كێشەی ئەم تاقمەی پەكەكە لەوەدایە كە لەنێو ژینگەی وەهمدا خەرقبوون، لە بەرگێكی ئیفلاسی فكرییەوە و، لە بازنەیەكی بەتاڵدا بەدەوری وەهمێك دەخولێنەوە كە نیەتی دژە كوردانەی ئەم تاقمە حەشار بدات و، بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردی لە هیچ پارچەیەكی كوردستاندا نەتوانێت تەكان بە ماف و چالاكییە مەدەنییەكانی خۆی بدات. ئەمان بە هەر جۆرە دەستكەوتێكی سیاسی كە كورد لە ناوچەكەدا تۆماری كردبێ زۆر قەڵسن، یانیش هەر دەرفەتێك بۆ پێشخستنی قەزیەی كوردی هاتبێتەپێش لە دژی قەزیەكە جوڵاون….بۆیە ئەمجارەیش بۆ پەردەپۆشكردنی رابردوویان دەیانەوێ خۆیان بخزێننە نێو شێواندنی مێژووی ناوچەكە و، بە نائومێدییەكی زۆرەوە دەستیان بۆ هەندێ لێدوانی نابەجێ بردووە كە ئەم جۆرە لێدوانانە هەر لەم تاقمە دەوەشێتەوە…. لەدەسپێكدا دەیانەوێ پاكتاوی نێوخۆیان لە تەسفیەی حساباتی هەواڵگریی و ئیفلاسی سیاسی بخەنە پاڵ هەرێمی كوردستان و پارتی، بەم وەهمە دەیانەوێ لە پاڵ هەندێ جوڵەی دەمامكدار رووی خۆیان لەنێو لایەنگرانیاندا سپی بكەنەوە و، بەسەر كارە چەوت و خراپكارییەكانیان بازبدەن و، بیانوو بە هێزە كوردستانییەكان بگرن، ئەوان باش دەزانن پارتی دیموكراتی كوردستان وەك حزبێكی جەماوەری و مەیدانی لە تێكۆشانی سیاسی خۆیدا و، لە مێژووی ناوچەكەشدا خاوەنی گەورەترین تۆمار و وەرەقەی دێكیۆمێنتكراوی پڕشكۆی كوردستانییە، بۆیە لێرەوە بە دۆران كاڵكان و تاقمە دەمامكدارەكە دەڵێین، لە ئەدەبیاتی پارتیدا (سەروەری گەل، تێكۆشان و بەرخودان) لەپێناو كورد و كوردستان بەبەردەوامی لە هەناوی پارتییدا دەستكەوت و دەرفەتی مێژوویی بۆ كوردستان خولقاندوون و ناسنامەی كوردایەتیی لە رۆژهەڵاتی ناویندا دروستكردووە و پاراستوویەتی،  نەوەك قڕكردنی گەل و گەمەكردن بە چارەنووسی گەل لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی!..  ئێوە كە تا ئێستا بە فەرهەنگی كوردی نادوێن و تەنانەت فێری زمانی كوردیش نەبوونە، پێمان ناڵێن بۆچی بەناوی كورد دەدوێن و بۆچیش لێرەن؟  ئێوە و هاوبیرانتان پڕن لە راز و نیازی ئەملاوئەولا و لە جۆڵانەی سیاسی لەو سنوور بۆ ئەم سنوور وەك گاردێكی راسپێردراوی سەر سنوور  رۆژ و شەو بەڕێ دەكەن لە پێناو مەرامێكدا كە دیارە خزمەتكاری كێن و، بۆ كێ ئەم راسپاردە سیاسییە بەجێ دەگەیەنن!.
لای خەڵكی كوردستان روونە بۆچی سەنگەری گورزوەشاندنتان لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی كوردستان گرتووە، دەتانەوێ بە بەخشینەوەی تۆمەت شكستەكانتان پەردەپۆش بكەن و، بەرچاوی خەڵك بگرن؟ بە كۆمەڵێك پرسیاری نابەجێ دەتانەوێ مەرامەكانی ئەم ڤێرژنەتان بشارنەوە كە كۆپییەكەی بۆ لێدانە لە ئەزموونی كوردان؟ لە هەرێمی كوردستان و لە باكوور و لە رۆژئاوایشدا، سیاسەتی میحوەریتان پێناسەی ئەو دەستوەردانەی لای كوردستانیان كەشفكردوون كە دەتانەوێ دەستكەوتەكانی كورد بە پێوەرێكی ئیقلیمی سفر كەنەوە.
ئەو تاقمەی پەكەكە لە لێدوانەكانیاندا سەیر خۆیان ئەبدەیت كردووە و، دەڵێی دنیا گۆڕاوە و، میلی وشەكانیان وەك خەمخۆری ئێستا بۆ یەكێتی دەردەبڕن!، ئێوە باشترە لە خەمی خۆتاندابن، ئەوەی لە لۆژیكی پارتی و وەك لە روئیاو پەیامیدا هەیە بۆ حزبە سیاسییەكان روونە؛ یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك حزبێكی هاوبەشی پارتی لە حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا پەیوەندی و هەماهەنگی و رۆڵی دیارە و، روونیشە پارتی و یەكێتی بەیەكەوە لە حوكمڕانی و شەراكەتی سیاسی و ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان بەشدارن و پێویست بەوە ناكات ئێوە لەم تەوقیتە وشەی نابەجێ ریز بكەن و خۆتان بخزێننە ناو ئەو پرسەش..
كە باسی ساڵانی نەوەدەكان دەكەن ناشێ بیرتان چووبێ كە چ شەڕێكتان لە باشووری كوردستان هەڵگیرساند، چونكە نەتان دەویست لە هەرێمدا ئەزموونی پەرلەمان و حكوومەت و سەقامگیری سیاسی گەشەی حوكمڕانی كوردی لە ناوچەكە دەرخات و، وەك یەكەم ئەزموونی كوردی لە جوگرافیایەكی شەرعی دەنگی كوردان بۆ جیهان بڵند بكات، پەلاماری ئەم ئەزموونەتان داو چەندین پێشمەرگەتان شەهید كرد، بەڵام ئەوەی كە سەیرە دیارە بەرپرسانی ئەم خەتەی قەندیل لە دۆران كاڵكان و تاقمەكەدا، تووشی نەخۆشی زەهایمەر و بیرچونەوە بوونە و، بواری بیرهاتنەوەی ئەم رۆژانەیان نەماوە، بۆیە لێرەوە ئەم رۆژانەتان دەخەینەوە زاكیرەتان، لە بیرتانە خوالێخۆشبوو مام جەلال لە هۆڵی پەرلەمان ماسكی سەر رووخسارتانی لاداو فكر و مەرام و كردەوەكانی ئێوەی بە خەڵكی ناساند و، درۆ و بوختان و چەواشەكارییەكانتانی ئاشكرا كرد كە ئێوە چین و بۆچی هاتوونەتە باشووری كوردستان و كارە چەپەڵەكانی ئێوەی بۆ خەڵك بەیان كرد...
لەسەرەتای راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە دژی رژێمی پێشووی عێراق، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و لە سەرەتایی دروستكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە رۆڵی پارتی لەگەڵ حزبە سیاسییەكانی كوردستان دیاربووە لە ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان و ئاوەدانی و دروستكردنی ئەزموونی قۆناغی شار، ئێوەش لە تێكدانی گوند و ئاوایی و نەهامەتی و رفاندن و وەرگرتنی سەرانە و كرداری نابەجێ و تاوانكاری شوێن پەنجەتان جێماوە و، تەنانەت لەم نووسین و لێدوانانەی ئێستایشدا كە پارتی بە ئەندازیاری شەڕ لە كوردستان و هاوكاری توركیا ناودەبەن، دیسان زاكیرەتان خیانەتی لێكردوون و یارمەتی نەداون كە ساڵی 1983تان بیربێتەوە كاتێك لە بەیاننامەی نێوخۆیتان بەو چەند خەڵكەی سەر سنوورتان دەڵێن كێشە لە سنوورەكان دروست بكەن لەگەڵ توركیا بۆ ئەوەی سوپای توركیا بێتە نێو كوردستانەوە و، بارەگاكانی پارتی و حزبەكانی دیكە لەناو ببات و، دواتریش كە سوپای توركیا كشایەوە، پەكەكە شوێنان دەگرێتەوە، ئەوەیە ئەندازیاریی شەڕ و هاوكاریكردنی سوپای توركیا و جوڵەكردن لەگەڵیاندا نەوەك پارتی.
پارتی سەرفرازە كە دەیان ساڵ سەركرادایەتی و پێشڕەوایەتی بزووتنەوەی رزگاری خوازی كوردستانی كردووە و لەو پێناوەدا هەزاران شەهیدی پێشكەشی گەل و نەتەوەكەی كردووە، دەیان دەستكەوتی بۆ نەتەوەكەی بەدەسهێناوە، رێككەوتنی یازدەی ئازار وەك نمونەی خەبات كە بەرهەمی پارتییە، ئەوكاتەی ئێوە لە ئەلفوبێی سیاسەتدا هیچتان نەدەزانی، پارتی دەستكەوت و موعجیزەی بۆ گەلی كوردستان دەخولقاند. هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ساڵی 1992 و درووستكردنی حكوومەت بەرهەمی خەبات و تێكۆشانی پارتی و یەكێتی و حزبەكانی دیكەی كوردستانە، كەس خێری پێنەكردووین، لە خۆڕایش ئەم تێكۆشانە نەهاتووە، ئێوەن كە چاوتان پێهەڵنایە و ئێستایشی لەگەڵدابێ دانتان بەم ئەزموونە نەناوە، هەر هەمان ساڵ شەڕتان بە هەرێمی كوردستان فرۆشت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ناچاربوو بەرگریی لە خۆی كرد، پێشمەرگەكانی حكوومەتی هەرێم بوون، لە حەفتانین، خنێرە، خواكوڕك و لۆلان، زاب و مەتین بەرپەرچی دانەوە و، بارەگاكانتانی پێ پێچانەوە، ئەو پێشمەرگانەی بەرپەرچی شەڕفرۆشتنەكانی ئێوەیان دایەوە پێشمەرگەی كوردستان بوون نەوەك پارتی، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێوە دان بە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم دانانێن، بۆیە ناوی پارتی و یەكێتی دێنن..
ئەگەر توركیا چەند بارەگایەكی لە هەرێم هەبێ و، چەند شوێنێكی داگیر كردوون ئەوە ئێوە هۆكاری راكێشانی توركیا و ئەو داگیركاریە بوونە، لەوەش زیاتر خۆتان سەدان گوند و ناوچەتان داگیركردووە و نە لێدەگەڕێن خەڵكەكەی بە ئارامی تیایاندا بژی و نە رێگای حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەدەن خزمەتگوزاریان پێڕابگەیەنێ، خۆ داگیركردن هەر داگیركارییە لە هەر بەرگێكدا بێت، بۆیە سەرەتا ژینگەی هەواڵگری خۆتان لە پاكتاوكردنی یەكتر یەكلابكەنەوە ئەوجا چیرۆكە وەهمیەكانتان بگێڕنەوە.
لە رۆژئاوای كوردستان، بەشاهێدی خەڵكی رۆژئاوا، دیارە كە ڕۆڵی تێكدەرانەتان سنووری تا كوێ بڕكردوە، لە رفاندنی كچوكوڕی خەڵك، لە زیندانیكردن و لە هێرشكردنە سەر گردبوونەوەی خەڵكی رۆژئاوا كاتێ یادی نەورۆز و بۆنەكانیان دەكردەوە و، لە داگرتن و سوتاندنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان و، دواتریش لە هەڵواسینی وێنەو پەیكەری رژێمی سووریا، لە ئێستادا دەبینن لە رۆژئاوای كوردستان لەبەر كاری تێكدەرانەتان  رەوایەتیتان لەنێو خەڵكی خۆشتان كە پێشووتر لەگەڵتان بوون نەماوە.. كە ئێوە تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بوونە، بەڵام خەڵكی بەئەمەكی رۆژئاوای كوردستان باشی لەبیرە، كاتێك سەرۆك مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەیان بۆ پارێزگاریكردن لە كۆبانێ و رۆژئاوای كوردستان دا،  خەڵك لە بیریەتی كە پارتی دیموكراتی كوردستان چەندە پەرۆشی بەهاناچوونی خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بوو تا لە دەستی تیرۆریستانی داعش پارێزراو بن، لە یادتان چوو كە چوونی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوای كوردستان و بەرگریكردن لە كۆبانێ خاڵی وەرچەخان بوو  و هاوسەنگی هێزی گۆڕی و داعش تێكشكێندرا و، دواتریش لە هەرێمی كوردستان پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی بەتەواوی شكاند. 
لەخۆگرتنی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لە هەرێم نمونەیەكی دیكەیە لە ئاكاری پارتی و، حزبە رەسەنەكان كە بە روونی لە نێو زاكیری خەڵكی رۆژئاوای كوردستاندا چەسپیوە.. ئێوەبوون شەڕتان هێنایە نێو رۆژئاوای كوردستان و، بوونە هۆكاری ئاوارەبوونی خەڵك بە هەمان ئەو سیناریۆیەی كە لە ساڵی 1983 بۆ باشووری كوردستانتان داڕشت و وەك سیگنالێك نیشانەتان دەدایە سوپای وڵاتانی ئیقلیمی چ بۆ هاتنە ژوورەوە یانیش بۆ بۆردومانكردنی ناوچە سنووری و گوندەكان و تێكدان و كاولكاری كە بەهۆی ئێوەوە سەدان گوند دەستی ئاوەدانی پێنەگەیشت و تا ئێستاش خەڵك ناتوانێ بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی، چونكە ئێوە داگیرتان كردن و، دواتریش بوونە دەستكێشی سوپای توركیا بۆ نێو ئەو دەڤەرانە.
ئەنەكەسە دروستكراوی دەرەكی نییە، بەڵكوو ئەنجوومەنێكی هەڵقوڵاوی نێو پارتە سیاسییە رەسەنەكانی دڵی رۆژئاوای كوردستانە و، كۆمەڵێك حزبی تێكۆشەرن، بەڵام چونكە بە سیاسەتی چەوتی ئێوە رازی نەبوون، ناوناتۆرەی جۆراوجۆریان بۆ هەڵدەبەستن، ئەوه لەكاتێكدا كە لە دانوستانەكانی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی كورد و چارەنووسی سووریا، وڵاتانی جیهان و كۆمەڵگەی مەدەنی و یوئێن و وڵاتانی ئەورووپی، شەرعیەتیان بە رەسەنایەتی ئەم ئەنجوومەنە داوە و، وەكو نوێنەری گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بەشدارن لە گفتوگۆكانی جنێف و ئاستانە و هەروەها لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریاشدا، ئێستاش كە ئەنەكەسە و تەڤدەم لە دانوستاندان بەدەر لە دەستوەردانی ئێوە، دەتوانن لەسەر رێككەوتنەكانی دهۆك و هەولێر بگەنە ئەنجامی دڵخۆشكەر كە سوودی بۆ خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و تەواوی پرسی كورد هەبێت. لەوان گەڕێن و وڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە، ئەرێ ئێوە وەك دۆران كاڵكان و بایك و تاقمەكەی قەندیل چیتان كرد لە سەرێ كانێ و گرێ سپی و، عەفرین؟ كوا ئەو ڤێتنامەی كە دەتانگوت لەوێ بەرپایی دەكەین؟ جگە لە چەند قسەیەكی بریقەدار لە قەندیلەوە چیتان كرد؟ كوا بەرهەمی هەڕەشەكانتان؟ ئێوە كە خۆتان كردووە بە گاردی  سنوورەكان كەچی لە راستیدا سەپانی گەمەیەكی ئیقلیمین بە چەواشەكاری دەتانەوێ سۆزی خەڵكی پارچەكانی كوردستان راكێشن، بەڵام لە واقیعدا پاسەوانی بەرژەوەندی گەمەیەكی ئیقلیمین ئەمە ناوبنێین چی؟. لە خۆتان نەپرسیووە لە هەڵەبجە و گەرمیان و پێنجوین و ماوەت و تا دەگاتە مەتین و گارە خەریك چین؟ كەمێك رووی خۆتان سپی كەنەوە و بگەڕێنەوە ئەو شوێنەی كە لێوەی هاتوون و بۆی دروست بوون، بۆیە لە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی مێژوو وەك لەسەرەتا باسمان كرد كە لە ڕووی فكر ئیفلاستان كردووە، لە ڕووی مێژوویشەوە ماسكی سەر ڕوخسارتان لادەبەین و ئیفلاسی مێژوویتان رادەگەێنین ، ئەمجارەیش پێتان دەڵێین كە ئینشقاقی نێو ریزەكانتان و پاكتاوی نێوخۆیی تان لە تەسفیەی هەواڵگری ئیقلیمیدا كە رۆژ دوای رۆژ مەرامەكانتان لەنێو رای گشتی كوردستان و رەوەندی كوردی لە ئیفلاسدایە و، لەنێو سایكۆلۆژیەتی كوردستانیانیشدا ئێوە كۆتایی فكریتان هاتووە، بۆیە ئەگەر لەسەر ئەم ئەقڵیەتە بڕۆن، وەكوو ئەو كێوە بەفرینانەتان كە بە مۆسیقا وێناتان دەكرد، دەتوێنەوە و، ئاوازەكانیشتان لە گوێچكەی خەڵكی خۆتاندا كۆتایی هاتووە و خەڵك لە مەرامەكانتان تێگەیشتوون.
لە كۆتایدا لەبارەی باكووری كوردستانیش ئەو بەڵگەیە بەسە كە باكوورییەكان لەسەر شاشە و تیڤییەكان هاواریان دەكرد كە پەكەكە نەهامەتی بۆ هێناون و، درۆیان لەگەڵ قەزیەی كوردی كرد و دەرفەتی ئاشتیان لەبار برد... بۆیە كاتێ دەست بۆ مێژوو درێژدەكەن، ئاگاداربن تۆمەت و بوختانتان هیچ بڕناكات و، وەك هەمیشە پێشوەختە دۆڕاون لەبەردەم ئەوانەی كە دروستكەری مێژووی راستەقینەی پرسی كورد و خولقێنەری بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان و رێبەری تێكۆشانە راستەقینە و پەسەندەكەی  كوردستانیانن...

بەشی رۆژنامەوانی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
28ی ئابی 2020

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە