پەیامی کورد... داهاتی مانگی یەکی نەوتی عێراق ٨ ملیار دۆلاری تێپەڕاند
مانگی ڕابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق نزیکەی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و داهاتەکەی زیاتر لە ٨ ملیار دۆلار بووە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی ئامارەکان کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقییەوە (سۆمۆ) وە بڵاوکراوەتەوە، مانگی یەکی ئەمساڵ ڕێژەی نەوتی خاوی هەناردەکراو ٩٩ ملیۆن و ٢٨٦ هەزار و ٧٨ بەرمیل نەوت بووە و داهاتەکەشی هەشت ملیار و ٢٧ ملیۆن دۆلار بووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، کۆی گشتی نەوتی خاوی هەناردەکراو بۆ مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق ٩٦ ملیۆن و ٤٣٠ هەزار و ٥٩٦ بەرمیل بووە، لە کێڵگەکانی کەرکووک کە لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەکراوە ٢ ملیۆن و ٥٤٥ هەزار و ٦٥٦ بەرمیل بووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونیشی کردووەتەوە، ڕۆژانە زیاتر لە ٣ ملیۆن و ٢٠٣ هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەکراوە و نرخی هەر بەرمیلێکیش بە ٨٣ دۆلار و ٢٤ سەنت فرۆشراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە