پەیامی کورد ... دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بڕیارێکی گرینگ سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ووڵاتەکەی دەردەکات .
بڕیاردراوە بۆ لەمەودوا هەواڵگریی ئەمریكا هیچ زانیارییەك لەبارەی ئاسایشی هەڵبژاردنەكانەوە نەداتە لیژنە تایبەتمەندەكانی كۆنگرێس، دیموكراتەكانیش ڕەخنە لەو هەنگاوە دەگرن و پێیانوایە ترامپ دەیەوێت دەستوەردانەكانی رووسیا لە هەڵبژاردنەكان بشارێتەوە.
دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمریكا بڕیاریداوە، بۆ لەمەودوا جۆن رادكلیف بەڕێوبەری هەواڵگری نەچێتە بەردەم لیژنەی هەواڵگری كۆنگریسی ئەمریكا بۆ پێدانی زانیاری لەبارەی ئاسایشی هەڵبژاردنەكانەوە، بەو بیانووەی، كە چەند جارێك زانیارییەكان لەو بارەیەوە دزەیان پێكراوە.
دۆناڵد ترامپ و كۆمارییەكان پێشوازییان لە بڕیارەكە كرد، بەڵام جۆ بایدن و دیموكراتەكان ئەو بڕیارەیان بەدڵ نییە، دەڵێن، بۆ ئەوەیە دەستوەردانەكانی ڕووسیا لە هەڵبژاردن و سەرخستنی ترامپ بشارنەوە.
بایدن لەو بارەیەوە ڕاگەێندراوێكی لە پێگەی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژادرنەكەی بڵاوكردەوە، ئامانجی ئەو بڕیارەی بە شاردنەوەی دەستوەردانەکانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ووڵاتەكەی وەسفكردووە، دەڵێت، ترامپ دەیەوێت رووسیا پشتگیری خۆكاندیدكردنەكەی بكات "بۆ ئەوەی ئەو شكستانەی بشارێتەوە، كە لە چەندین قەیرانی قووڵدا نوقمی كردووین".
كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا بە روونی نووسیوێتی، ترامپ دەیەوێت هەنگاوەكانی ڕووسیا بۆ یارمەتیدانی لە سەرخستنی بۆ بونەوە بە سەرۆك لە گەلی ئەمریكا بشارێتەوە.
بایدن لە كۆتاییدا دوپاتیكردووەتەوە "سیاسەتی دەرەوەی ترامپ وەك دیارییەك وایە بۆ كریملن".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە