پەیامی کورد ... بڕیارێکی گرینگ بۆ هەموو ئەو زەوییانەی کە کارتین دەرکرا
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری داوە پەلە بكرێت لە پرۆسەی تاپۆكردنی زەوی كارت و جێگری پارێزگاری ھەولێریش دەڵێ، لە سنووری ھەولێر پرۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارت بەردەوامە و ھەموو زەوییەكان تاپۆ دەكرێن.
مەسعوود كاڕەش، جێگری پارێزگاری ھەولێر، ڕایگەیاند: "ساڵانی پێشوو لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە ژمارەیەكی زۆر زەوی بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش كراوە، بەڵام زەوییەكان بە شێوەی كارت دابەش كرابوون و تاپۆ نەكرابوون، ئەوەش كێشەی بۆ ھاووڵاتییان دروست كردبوو، چونكە نەیاندەتوانی ئەو زەوییانەی بە شێوەی كارتن، بەكار بێنن."
جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: "تەنیا لە سنووری پارێزگای ھەولێر نزیكەی ١٠٠ ھەزار پارچە زەوی كارت تاپۆ كراون و بڕیارە ئەوانەشی ماون تاپۆ بكرێن، پرۆسەی تاپۆكردنی زەویی كارتیش لە سنووری شاری ھەولێر بەردەوامە و دوای تاپۆكردنیان، مۆڵەتی دروستكردنی خانووشیان پێ دەدرێت."
كاڕەش ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "تاپۆكردنی زەوی كارت یەكێكە لە ھەنگاوەكانی حكوومەت بۆ ئەوەی كێشەی زەوی كەمتر بكرێتەوە و ھاووڵاتییان بتوانن بۆ دروستكردنی خانوو بەكاری بێنن، فەرمانگەكانی تاپۆش بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەكانی دیكەی حكوومەت، ڕۆژانە سەرقاڵی پرۆسەی تاپۆكردنی ئەو زەوییانەن كە ھێشتا بە شێوەی كارت ماون و بە تەواوبوونیان ھیچ زەوییەكی كارت نامێنێت و ھەموویان دەكرێنە تاپۆ."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە