لە چوارچێوەی بەشداریکردنی ئەڵمانیا لە پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی شاری مووسڵدا، رێکخراوی “GIZ” بڕیاریداوە نەخۆشخانەیەکی ستراتیجی لە شارەکە بنیات بنێت.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئانادۆڵو، مزاحم خەیات، سەرۆکی تیمی راوێژکاری بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوە کرد کە رێکخراوی “GIZ”ی ئەڵمانی لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە پڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی شاری مووسڵدا، بڕیاریداوە نەخۆشخانەیەکی ستراتیجی لە شارەکە بنیات بنێت.
هاوکات خەیات دەشڵێت، “تیمێکی تایبەت لە رێکخراوی ئەڵمانی بۆ ھاوکاری نێودەوڵەتی (GIZ) کە بەم دواییانە گەیشتووەتە مووسڵ بە ھاوکاری لەگەڵ رێکخراوی پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان (UNDP) بەداواداچوونی بۆ رەوشی کەرتی تەندروستی لە شارەکە کردووە، ھەروەھا لەو کێشە و گرفتانەی کۆڵیوەتەوە کە ئەو کەرتە دوای شەڕو پێکدادانەکانی دژ بە داعش رووبەڕووی بووەتەوە”.
لەلایەکی دیکەشەوە مزاحم خەیات رایگەیاند کە رێکخراوە ئەڵمانییەکە دوای بەدواداچوونەکانی، بڕیاریداوە نەخۆشخانەیەکی ستراتیجی بە شێوەیەکی سەردەمیانە لە کۆمەڵگەی شاری پزیشکی لە مووسڵ بنیات بنێت کە شەش یەکەی پزیشکی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەریی، شەش یەکەی پزیشکی دیکە تایبەت بە چاودێریکردنی نەخۆشییەکانی دڵ لەگەڵ تاقیگەیەکی خوێن و چوار تاقیگەی سەردەمیانە بۆ پشکنینی نەخۆشییەکان لەخۆدەگرێت.
لە هەمان کاتدا سەرۆکی تیمی راوێژکاری بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پارێزگای نەینەوا روونیکردەوە لە میانی دوو مانگی داھاتوودا، دەست دەکرێت بە کارەکانی ئەو پڕۆژەیە کە لە سەرەتای مانگی نیسانی ساڵی ٢٠١٩دا، کۆتایی پێ دێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە