پەیامی کورد ... واکسەنی کۆرۆنا تا ئەم کاتە بەرهەم نایەت و ئەمەش بە واتای هۆشدارییە
ووتەبێژی رێکخراوی تەندرووستی جیهان رایگەیاند، تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو واکسەنی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرفراوان لەسەرتاسەری جیهان بەردەست نابێت، ئەوەش وەک هۆشدارییەکە لەبارەی بەردەوامبوونی پەتای کۆڤید-19، کە تا ئێستا بەهۆیەوە سەدان هەزار کەس گیانیان لە دەستداوە.
مارگرێت هاریس، ووتەبێژی رێکخراوی تەندرووستی جیهانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند : پێویستە تاقیکردنەوەی واکسەنە پەرەپێدراوەکانی کۆرۆنا بەشێوەیەکی وورد ئەنجامبدرێت، تا لە سەلامەتی بەکارهێنانیان دڵنیا ببنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، قۆناغی سێیەمی تاقیکردنەوەکانی واکسەنی کۆرۆنا ماوەیەکی زۆر دەخاێنێت ، تا لە ئاستی سەلامەتی واکسەنەکە و ماوەی مانەوەی دژە تەنەکان لە جەستەی مرۆڤ دڵنیاببنەوە.
هاریس باسی لەدەشکرد، تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو پڕۆسەی کوتانی بەرفراوانی ڤیرووسی کۆرۆنا لەسەرتاسەری جیهان بەردەستنابێت، ئەوەش وادەکات پەتاکە تا ئەوکاتە بەردەوامی هەبێت.
٢ی ئەم مانگە، سیس بیرکڵی، بەڕێوبەری جێبەجێکاری هاوپەیمانی واکسەنەکانی جیهان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز رایگەیاند، ٧٦ ووڵاتی دەوڵەمەندی جیهان رەزامەندیان دەبڕیوە بۆ بەشداریکردن لە پیلانی (COVAX)، کە تیایدا واکسەنی کۆرۆنا بەشێوەیەکی دادوەرانە بەسەر ووڵاتانی جیهان دابەشدەکرێت، لەسەر بنەمای ئاستی مەترسی کۆرۆنا لە ووڵاتەکاندا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە