پەیامی کورد ... ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان رایدەگەینێت، دروستبوونی حكومەت بەبێ یەكێتی، حكومەتێكی شەلەل دەبێت، ووتیشی: پارتی دەیەوێت سواڵ بە یەكێتی بكات، بەڵام ئێمە سواڵكەر نین تا سواڵ قبوڵ بكەین.
مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە بەرنامەی گەرما و گەرمی كەناڵی گەلی كوردستان ڕایگەیاند :" ڕێكنەكەوتن لەگەڵ یەكێتی دەبێتە هۆی شەلەل بونی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتێكی شكستخواردو دەبێت".
لەووڵامی ئەوەی هێزی تر هەیە بتوانێت پارسەنگی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بداتەوە لە حكوومەتی داهاتوو، سەنگاوی ووتی:" پێموانیە كەس بتوانێت پارسەنگی یەكێتی بداتەوە، یەكێتی هێزی خۆی هەیە، سنووری خۆی هەیە، بۆیە تەنها یەكێتی خۆی پارسەنگی خۆیەتی".
سەبارەت بە پۆستی وەزارەتی دادی عێراق، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وتی:" وەزارەتی داد پشكی كوردە، ئەگەر ئێمە رێكنەكەوین، رەنگە حكومەتی عێراق خۆی كەسێكی بێلایەن دابنێت و پرس بە پارتی و یەكێتیش نەكەن".
وتیشی: عادل عەبدولمەهدی نایەوێت لە نێوان ئێمە و پارتی لایەكمان بۆ لاكەی دیكە زویر بكات، ئەگەر رێككەوین لەسەر كاندیدێكی كورد، ئەوا هەمو لایەنەكان دەنگی پێدەدەن، ئەگەر رێكیش نەكەوین رەنگە ئەوان كەسێك دابنێن".
سەبارەت بە مەترسیەكانی داعش لە خوارووی كەركووك و قەرەتەپە و خانەقین و ناوچەكانی دیكە، سەنگاوی ووتی: "داعش ئێستا پەلاماری سوپای عێراق و هێزە كوردیەكان و خەڵكی مەدەنی و هێزەكانی حەشد ئەدات، لە ساڵی 2018 لە ناوچەی خانەقین 36 كەس لە هێزە كوردیەكان كوژراوە و 31 گوندیش چۆڵكراوە، داعش هێزێكی رەگەزپەرستە و تەنانەت ئەو كەسانەشی كاتی خۆی لەناو بەعس بەشداربون لە تەعریب، ئێستا هاوكاری داعش دەكەن".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكراشی كرد: "كۆبونەوە هەیە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لەم چەند رۆژەی ڕابردوودا سەرۆككۆماری عێراق لەگەڵ عوسمان غانمی و فەرماندە سەربازییەكانی عێراق دانیشتون و بڕیارە سەردانی خانەقین بکەن و تاکوو لەسەر مەلەفی ئەمنی ئەو ناوچانە رێكبكەوین".
لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا، سەنگاوی ووتی:"حەق بوو لەسەرەتاوە پرسیان بە یەكێتی بكردایە و پێیانبوتایە لە نێوان سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم كامیان دەوێت، بۆ ئەوەی ئێمە بەشداری ڕاستەقینە بین لەم حكومەتە، لەلایەكی دیكە بەبێ پرسكردن بە ئێمە و بەبێ چاوەڕوانی سەرۆكی پەرلەمانیان هەڵبژاردوە كە پارتیە و جێگری پەرلەمانیش پارتیەو كەسێكی دیكەش كە پارتیە و بەناوی توركمانەوە دایانناوە بۆ سكرتێری پەرلەمان". ووتیشی:"ئەوەی ئێستا دەیانەوێت بیدەنە یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەس "سواڵ"ە ئێمەش سواڵكەرنین تا سواڵ قبوڵ بكەین".
مەحمود سەنگاوی هەروەها رایگەیاند:" لەنێوان پرۆژەكەی گۆڕان و پارتی" پرۆژەكەی "یەكێتی و پارتی" هەیە كە هەردووكمان لەسەری رێككەوتووین، بەڵام كاتێك دێتە سەر ڕاستی بابەتەكان و درووستكردنی حكومەت ئەوان رێكناكەون، حزبەكانی دیكە ئازادن و هیچیان كۆیلەی ئێمە نین تا بیانهێنین ئیمزایان پێ بكەین، بەڵام ئەگەر هەرێمی كوردستان تێكبچێت، تەنها لە یەكێتی و پارتی تێكناچێت، بەڵكو لە هەمو حزبەكانی دیكەش تێكدەچێت".
ئەوەشیخستەرو" یەكێتی نابێتە ئۆپۆزسیۆن، ئۆپۆزسیۆنبونی یەكێتی وەكو هێزێكی بێ چەك نیە، ئێمە نە بزوتنەوەی گۆڕانین، نە نەوەی نوێین، ئێمە خاوەنی هێزی ئەمنین و خاوەنی پۆلیس و سەربازین، بونە ئۆپۆزسیۆن بونی ئێمە واتە دابڕان، بۆیە حكومەت بەبێ ئێمە دروست نابێت و هەر حكوومەتێكیش درووستبێت شەلەلە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە