رۆژنامەنووسێکی خەڵکی مەریوان کە ماوەیەک پێش دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا.
بەگوێرەی هەواڵ و زانیارییەکان ، ڕزگار کەریمی، ڕۆژنامەنووسی کوردپرس و رێپۆرتێری قائیم مەقامیەتی مەریوان لەلایەن دەزگای قەزایی ئێرانەوە تۆمەتی خراوەتە پاڵ و دوای یەک حەفتە لەدەستبەسەرکردنی، ڕۆژی هەینی " ١٩ی ئۆکتۆبەر " بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیونی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
دادگا تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حزبە کوردیەکانی دژبەری ئێرانی خستووەتە پاڵ ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە.
یەکێک لە نزیکانی کەریمی کە بە هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت ڕایگەیاند، هێزەکانی دەزگای ئێستێخبارات ، ئەو ڕۆژنامەنووسەیان بە سەختی ئەشکەنجە کردووە بە جۆرێک لە ماوەی یەک هەفتەدا لە دەستبەسەر کرانی نزیک بە ١٠ کیلۆ کێشی دابەزیوە.
ڕزگار کەریمی لەماوەی دەستبەسەر کرانی لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئێستێخباراتی شاری سنە و کرماشان ڕاگیرابوو و هەروەها هەڕەشەی کوشتنیشی لێ کراوە،
ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممەی حەفتەی ڕابردوو " ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨ " لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئێستێخباراتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو.
هەروەها، هێزە ئەمنییەکان دوای دەستبەسەر کردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە، دەستیان داوە پشکنینی ماڵەکە و دەستیان بەسەر کامێرا و مۆبایل و کۆمپیوتەر و کەل و پەلە تاکەکەسییەکانی ناوبراودا گرت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە