پەیامی کورد ... بەسەرپەرشتی قایمقامی هەولێر و لێژنەی پشكنین وبەدواداچوون لە وەزارەتی تەندرووستی و بەشی پۆلیسی شارەوانی بەشێوەیەكی مەیدانی لەنێو بازاڕی هەولێر بەدواداچوونیان بۆ گرانبوونی پێداویستییە پزیشكییەكان و دەمامك كرد و لێپێچینەوە لەو فرۆشیارانە كرا كە نرخی كاڵاكان زیاد دەكەن، قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەكرد، لە هەرێمی كوردستان هیچ حاڵەتێكی تووشبوون بە ڤیرووسی كرۆنا تۆمار نەكراوە و هەركەسێك دەمامك گران بكات، سزادەدرێت.
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی ڤیرووسی كرۆنا لە ئێران سەری هەڵدا، رۆژی شەممە لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی نەخۆشی كرۆنا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، یەكێك لە راسپاردەكانی ئەوە بوو كە لیژنەكان لە بازاڕەكاندا بەدواداچوونی مەیدانی بكەن، لەبەر ئەوەی لەلایەن هاونیشتمانییانەوە خواستێكی زۆر لەسەر دەمامك هەبوو، لەكاتی گەڕان وبەدواداچوونەكانی ١٨ شوێن پشكنینیان بۆئەنجام درا ١٢شوێن داخران كە پێداویستیی تەندروستی و دەمامكیان گران فرۆشتووە و سەرپێچیی رێنماییەكانیان كردووە، ئەوەش بۆ ئەوەیە رێگە لەو كەسانە بگرن كە دەیانەوێت ئەو بارودۆخە بقۆزنەوە.
قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەكرد هاونیشتمانییان دڵنیا دەكەنەوە كە تیمەكان بەدواداچوونی پێویست دەكەن وە ڕێگانادرێت بەهیچ كەس وبازرگانێك قۆرخكاری بكات بەپێچەوانەوە بەتووندترین شێوە بەپێی یاسا سزا دەدرێن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە