پەیامی کورد ... سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەڵێ، بڕیاری كۆتایی لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران دراوە و دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت، بۆیە پێویستە سەرجەم وەزارەتەكان پەلە بكەن لە ناردنی زانیاری بۆ ئەوەی پلەی مامۆستا و فەرمانبەران بەرز بكرێتەوە.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی پەروەردە، كە گشتاندنی بۆ كراوە بۆ سەرجەم بەڕێوبەرایەتییە گشتییەكانی سەر بەوەزارەت، داوا كراوە زانیاری لەسەر میلاكی مامۆستا و فەرمانبەرانی ساڵەكانی 2016 و2017 و 2018 و 2019 و 2020 ڕەوانە بكەن بەپێی پلەكانیان و دیاریكردنی مووچەیان بە هۆی پلەبەرزكردنەوەیان و دوایین وادەش بۆ ناردنی زانیارییەكان، حەوتی ئەم مانگەیە.
لەو بارەیەوە، سەرۆكی یەكیتی مامۆستایانی كوردستان، ئەحمەد گەرمیانی، ڕایگەیاند : "ئێمە سەردانی وەزارەتی داراییمان كرد و یەكێك لە داواكارییەكانمان دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە بوو، ئەوانیش باسیان لەوە كرد كە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لێ داوە و داوایان لە هەموو وەزارەتەكان كردووە زانیارییان بۆ رەوانە بكەن بۆ ئەوەی پلەبەرزكردنەوە دەست پێبكاتەوە".
گەرمیانی گوتیشی: "دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە هەموو مامۆستا و فەرمانبەران دەگرێتەوە، چوونكە چەندین ساڵە راگیراوە، بۆیە ئەمە كارێكی باشە و یەكێكە لە داواكاریەكانی ئێمە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە