قایمقامى قەزاى شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند "فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بەدەست بەڕێوەبەرەکانیانەوەیە و هێزە عێراقییەکانى سەربە سوپاى عێراق پاراستنى فەرمانگەکانیان گرتووەتە ئەستۆى خۆیان" لە ئێستادا هێزێکى زۆرى سوپاى عێراق و پۆلیسى ئیتیحادى و چەکدارانى حەشدى شەعبى لە نێو شەنگال و سنونێ بڵاوەیان پێکراوە و لە بەردەم دەرگاى هەر فەرمانگەیەک دوو ئۆتۆمبێلى سوپاى عێراق جێگیرکراون.
قایمقامى قەزاى شنگال، مەحما خەلیل لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵۆ گوتى: "بیناى قایمقامییەتى شەنگال پێش دوو سێ ساڵە لە لایەن چەکدارانى داعش خاپوور کراوە، بەڕێوەبەرایەتى ناحییەکانى سەربە قەزاى شەنگال بەدەست سوپاى عێراقەوەیە، فەرمانگە حکوومییەکانى دیکە بەدەست ئیدارەى شەنگالەوەیە، بەڵام لە توانایاندا نییە هیچ پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى پێشکەش بە هاووڵاتییانى ناوچەکەیان بکەن".
مەحما خەلیل گوتیشى: "ئێمە دەزانین چەکدارانى پەکەکە لە شەنگال لە شوێنەکانى خۆیان نەماون و بنکە و بارەگاکانیان چۆڵکردووە و ئاڵاکانیشیان لە لایەن سوپاى عێراقەوە داگیراوە، هەوڵەکانیشمان بەردەوامن بۆ ئەوەى دڵنیا ببین کە پەکەکە لە شەنگال نەماوە و بە تەواوەتى کشاونەتەوە".
بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوە خۆجەییەکانى شەنگال بێت یەپەشە (یەکینەکانى پاراستنى شەنگال) کە گرووپى ڕاهێنراوى سەربە چەکدارانى پەکەکە-ن، لە شارەکە ماون و لەهەوڵدان بخرێنە سەر سوپاى عێراق و ناو و ئاڵاکەشیان بگۆڕن.
هاووڵاتییەکى دانیشتووى شەنگال بۆ ئاژانسى ئانادۆڵۆ گوتى: " لەسەر هەموو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان تەنها ئاڵاى عێراق هەڵدراوە و ئاڵاکانى پەکەکە و لقەکانى لە شارەکە داگیراوە، ئەوەى ماوە ئاسەوارى درووشمەکانى پەکەکەیە لەسەر دیوار و باڵەخانەکانى شارى شەنگال".
هەر بە پێی ئەم هەواڵە ...
گوتەبێژى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، عەمید یەحیا رەسول ڕایگەیاند "ئەو هێزەى سوپاى عێراق لە شەنگال و سنونێ جێگیرکراون بۆ ئەوەى هیچ بۆشاییەکى ئەمنى لە ناوچەکە دروست نەبێت"
عەمید یەحیا ڕەسوڵ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵۆ گوتى: "ئەمڕۆ یەکەکانى فیرقەى ١٥ى سەربە سوپاى عێراق گەیشتنە قەزاى شەنگال و ناحییەى سنونێ بۆ پاراستنى ئاسایشى ناوچەکە و ڕێگە گرتن لە دروستبوونى بۆشایی ئەمنى، جێگیربوونى ئەو هێزانە لەو ناوچانە لەژێر فەرمانى حکوومەتى عێراق بووە".
گوتیشى: "یەکە سەربازییەکانى سوپاى عێراق ئەمڕۆ لەو ناوچانە جێگیر کراون، کە پێشتر بنکە و بارەگاکانى پەکەکە بوون، جێگیربوونى ئەو هێزەى سوپاى عێراق دواى بڕیارى کشانەوەى چەکدارانى پەکەکە دێت لە شەنگال و سنونێ تەواوى ناوچەکە".
ئاماژە بەوە دەدات کە هێزەکە پێکدێت لە چەکى قورس و جۆرەها کەلوپەلى سەربازى کە بۆ پاراستنى ئاسایشى ناوچەکە پێویستن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە