فەڕەنسا پشتیوانی خۆی دژ بە پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا ڕاگەیاندووە

فەڕەنسا پشتیوانی خۆی دژ بە پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا ڕاگەیاندووە

پەیامی کورد      ...     فەڕەنسا پشتیوانی خۆی دژ بە پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا ڕاگەیاندووە

ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ فلۆرانس پارلی وەزیری بەرگری فەڕەنسا و شاندی هاوڕێی لە كۆشكی سەلام لە بەغدا كۆبوەوە و رایگەیاند، پشتیوانی پاریس دژ بە پێشێلكارییە سەربازییەكانی توركیا گرینگە.

بەگوێرەی ڕاگەێندراوێكی نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە كۆبونەوەكەدا سەرۆك بەرهەم جەختیكردەوە لەپێویستی خستنەگەڕی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ بەردەوامیدان بە جەنگی دژ بە تیرۆر و ریشەكێشكردنی یەکجاری ئەو هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایش و پتەوكردنی هاریكاری و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەموو شێوەكانی توندڕەوی، ھاوکات ئاماژەیكرد بۆ گرنگی راوێژ و كاری هاوبەش لەگەڵ یەكێتی ئەورووپا بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و کۆتایی ھێنان بە قەیران و گرژییەكان لە ناوچەکەدا، هەروەك رۆڵی كارای فەرەنسای بەرزنرخاند لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.

لە تەوەرێکی دیکەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پێویستی پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی عێراق بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری و رێگرتن لە دەست خستنە ناو كاروباری ناوخۆی عێراق، دووپاتیشیكردەوە لەگرینگی راگرتنی پێشیلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق كە بە سەرپێچیەكی روون و ئاشکرا دادەنرێت بۆ سەر سەروەری ووڵات و پێشیلكردنی یاسا و رێكکەوتنامە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندییەكانی دراوسێیەتی.

لەلای خۆیەوە وەزیری بەرگری فەرەنسا پشتیوانی ووڵاتەكەی بۆ سەقامگیری عێراق و پاراستنی سەروەری و پاڵپشتی فەڕەنسای هاوشانی عێراق بۆ رێگریگردن لە پێشێلكارییەكان بۆ سەر خاكەكەی دووپاتکردەوە، ئامادەیشی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی بە هێزە عێراقییەكان لەروی ئامادەکردن و راهێنان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو ووڵاتی دۆست و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییەكان لە تەواوی بوارەكاندا کرا، بە تایبەت هەماهەنگی ئەمنی و بۆنیادنانی توانا سەربازییە عێراقییەكان و خستنە رووی دوایین گۆرانكاری و بەرەوە پێشچوونەكان لە سەر ئاستی هەردوو گۆرەپانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.

شەوی رابردوو بە سەردانێك وەزیری بەرگری فەرەنسا گەیشتە عێراق و بڕیاریشە ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی دیكەی عێراق بگاتە هەرێمی كوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆببێتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە