پەیامی کورد … فەرمانی دەستگیركردن بۆ 100 بەرپرسی گەندەڵ لە عێراق دەردەكرێت
دەستەی دەستپاكی عێراق ڕایگەیاند، نزیكەی (100) فەرمانی دەستگیركردنیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی دەركردووە كە لەنێویاندا وەزیرێكی ئێستای حكومەت هەیە.
دەستەی دەستپاكی عێراق لە ماڵپەری فەرمی خۆیدا بڵاویكردەوە، كە لە مانگی كانوونی یەكەمدا (98) فەرمانی دەستگیركردنیان دەركردووە، لەو ژمارەیەش (85) فەرمان لە دژی گەورە بەرپرسان دەرچووە كە وەزیرێكی ئێستایشی تێدایە.
ئەوەشی خستەڕوو كە ئەو فەرمانانەی لەلایەن دادگاكانەوە دەركراون، لە سەر بنەمای زانیاری و ئەو دۆسیانە بووە كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی لێكۆڵینەوەی كۆمیسیۆنەوە لەبەغداو پارێزگاكان لێكۆڵینەوەیان لێكراوەو ئاڕاستەی دادگاكانیان كردووە.
لەنێو ئەو كەسانەی دادگا فەرمانی لێكۆڵینەوەی لێكردوون وەزیرێكی ئێستاو وەزیرێكی پێشوو و سێ وەزیری پێشووترو جێگری وەزیرێكی پێشوو و نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پێشوو و دوو پارێزگاری ئێستاو هەشت پارێزگاری پێشوو و پێنج پارێزگاری پێشووتریان لە ناودایە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، (21) بەڕێوەبەری گشتی ئێستاو (15) بەڕێوەبەری گشتی پێشوو و حەوت بەڕێوەبەری گشتی پێشووترو (12) فەرمان لە دژی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەیە.
عێراق لەڕیزی (12) ی گەندەڵترین وڵاتانی جیهاندایەو كە ئەوەش بۆتە هۆی دابەزینی ژێرخانی ئابووری كە لەماوەی (15) ساڵی ڕابردووداو بەتایبەتی كارەباو ئاو گەشەی نەكردووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە