پەیامی کورد ... بەتۆمەتی پەیوەندیان بە فەتحوڵا گولەن، رێبەری رەوتی خزمەت کە حکومەتی تورکیا تۆمەتباری دەکات بە تێوەگلانیان لە هەوڵدان بۆ كودەتا سەربازیەكەی ساڵی 2016 لە توركیا، داواکاری گشتی ئانکارا بڕیاری دەستگیركردنی بۆ 249 فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوەی ووڵاتەكە دەركرد.
نووسینگەی داواكاری گشتی ئانکارا پایتەختی تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، بڕیاریداوە بە دەستگیركردنی 249 فەرمانبەری وەزارەتی دەرەوەی ووڵاتەكەی، دوای ئەوەی لە درێژەی لێكۆڵینەوەكاندا بۆیان دەركەوتوە "لە تاقیكردنەوەكان بۆ پەسەندكردنیان لەو وەزارەتە پێشێلكاریان ئەنجامداوە".
ئاماژەی بەوەشكردوە، لەمیانی چالاكییەكانیاندا لە 43 ناوچەی ووڵاتەكەدا تا ئێستا 78 كەسیان لەو تۆمەتبارانە دەستگیركردووە و پۆلیسی ووڵاتەكەش بەردەوامە لە گەڕان بەدوای ئەوانی دیكەدا.
ئەو راگەیندراوە لە كاتێكدایە کە تاکوو ئێستا زیاتر لە 77 هەزار كەسی سیڤیل بە تۆمەتی پەیوەندییان بە رەوتی خزمەت زیندانیكراون و تا ئێستاش چاوەڕێی بڕیاری دادگا دەكەن، لەكاتێكدا پۆلیسی تورکیا دەڵێت، "150 هەزار فەرمانبەری حكومی و سەربازی سوپای ئەو ووڵاتە بە تۆمەتی تێوەگلان لە كودەتا شكستخواردوەكەی ساڵی 2016 لە كارەكانیان دوورخراونەتەوە و دەستگیركراون".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە