بۆ یەکەمجار چاندنی چاوێکی تەواو بۆ مرۆڤ لە ئەمریکا ئەنجامدرا

بۆ یەکەمجار چاندنی چاوێکی تەواو بۆ مرۆڤ لە ئەمریکا ئەنجامدرا

پەیامی کورد... بۆ یەکەمجار چاندنی چاوێکی تەواو بۆ مرۆڤ لە ئەمریکا ئەنجامدرا


تیمێکی نەشتەرگەری لە نیویۆرک بە سەرکەوتوویی یەکەم چاندنی چاوی تەواویان لە مرۆڤدا ئەنجامدا. نەشتەرگەرییەکە شەش مانگ لەمەوبەر ئەنجامدراوە، پزیشکەکان دەڵێن هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانن ئایا نەخۆشەکە دەتوانێت لەڕێگەی چاوە نوێکەیەوە ببینێت یان نا.

هەرچەندە چاندنی کۆرنیە لە ئێستادا بۆ چارەسەرکردنی هەندێک نەخۆشی چاو باو و ئاساییە، بەڵام ئەمە یەکەم چاندنی چاوێکی تەواوە لە جیهاندا.

ئارۆن جەیمس کە لە ڕووداوێکی کارەبایدا بەشێکی زۆری دەمووچاو و چاوێکی بە تەواوی لە دەستداوە، ئەو کەسەیە کە چاوەکەی بۆ چێندراوە و پزیشکانی نەشتەرگەری سەنتەری چاندنی لانگۆنی زانکۆی نیویۆرک(NYU Langone Health) هیوایان خواست کە چاندنی چاوە نوێکە ئەنجامێکی باش بۆ دەموچاوە سووتاوەکەی جەیمس بەدەستبهێنێت.

ئارۆن جەیمس بە ئاژانسە هەواڵییەکانی گوت " هەستێکی خۆشم هەیە و هێشتا ناتوانم چاوەکەم بجوڵێنم یان چاوم بتروکێنم، بەڵام هەستی پێدەکەم و چاوەکەم هەستی بۆ گەڕاوەتەوە."

جەیمسی تەمەنی 46 ساڵ و خەڵکی ویلایەتی ئەرکانساس گوتی " دەبێت لە شوێنێکەوە دەست پێبکات، دەبێت لە شوێنێک کەسێک یەکەم بێت. هیچ نەبێت ڕەنگە شتێک لەمەوە فێرببن کە یارمەتی کەسێکی دیکە بدات لە داهاتوودا."

دکتۆر ئێدواردۆ ڕۆدریگێز، سەرۆکی بەشی نەشتەرگەری جوانکاری زانکۆی نیویۆرک کە سەرپەرشتیاری چاندنەکەی کردووە، دەڵێت "ئێمە بانگەشەی گەڕاندنەوەی بینین ناکەین، بەڵام گومانم نییە کە هەنگاوێک نزیکتر بووینەتەوە".

پزیشکەکان نیگەران بوون لەوەی چاوە چێنراوەکە دوای چاندن زوو بچوک ببێتەوە و سیس بێت، بەڵام کاتێک چاوەکەیان کردووەتەوە بینیویانە چاوە چێنراوەکە کە ڕەنگی هەنگوینی بووە، وەک چاوەکەی دیکەی جەیمس زیندووە و نیشانەی ڕەتکردنەوەی چاندنەکەیان تێدا نەبینیووە.

لە ئێستادا توێژەران خەریکی شیکردنەوەی سکەن و وێنە تیشکییەکانی مێشکی جەیمسن کە دەوترێت کۆمەڵێک سیگناڵیان لە دەمارەکانی بینینیدا دەستنیشانکردووە.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە