پەیامی کورد... سەرۆكی ئۆكرانيا: ئەگەر چین لەگەڵ رووسیا رێكبكەوێت، جەنگێكی جیهانی دەستپێدەكات
سەرۆكی ئۆكرانيا ڕایدەگەیەنێت: لە ئەگەری رێككەوتنی چین لەگەڵ رووسیا ئەوە جەنگێكی جیهانی درووست دەبێت و بۆ ئێمە پاڵپشتی نەكردنی رووسیا لەلایەن چینەوە لەم جەنگە زۆر گرنگە.
بەپێی هەواڵێكی رۆژنامەی Welt ی ئەڵمانی كە سەرچاوەكەی بۆ رۆژنامەی La Repubblicaی ئیتاڵی گەڕاندووەتەوە ڤۆلۆدیمیر زێلینسكی سەرۆكی ئۆكرانيا وتوویەتی: "ئەگەر چین رێككەوتن لەگەڵ رووسیا ئەنجامبدات ئەوە جەنگێكی جیهانی درووستدەبێت و پێموایە چین ئاگاداری ئەوە هەیە".
زێلێنسكی، جەختی لەوە كردەوە كە پرسی چین زۆر ئاڵۆزە و وتی: "بۆ ئێمە پاڵپشتی نەكردنی رووسیا لەلایەن چینەوە لەم جەنگە زۆر گرنگە. لە راستیدا دەمەوێت لاینگری ئێمە بێت. بەڵام پێموایە لە ئێستادا ئەمە ناكرێت. بەڵام ئەگەر بەشێوەیەكی پراگماتیكی هەڵسەنگاند بۆ ئەمە بكرێت ئەوە وەكو دەرفەتێك بۆ چینی دەبینم".
سەرۆكی ئۆكرانيا، ئاشكرایكرد كە ئاهانسی هەواڵگریی ئۆكراینا زانیاری لەسەر ئەوە وەرگرتووە كە رووسیا دەیەوێت دەسەڵاتی مۆلدۆڤا بگۆڕێت و ئەمەیان بە سەركۆمار مایا ساندی گەیاندووە و لە ماوەیەكی كورتیشدا ئەم زانیارییە لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاشەوە پشتڕاست كراوەتەوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، باسی لەوەش كرد كە ئەمڕۆ یان سبەی رۆژئاوا لە پاڵپشتیكردنی ئۆكرانيا ماندوو دەبێت و لە وەڵامی پرسیاری "ئایا دەترسن لە بە تەنها رووبەڕووبوونەوەی رووسیا؟" وتی: "كەس حەز ناكات بە تەنها شەڕ بكات، ئەمە شتێكی ئاساییە. ئەگەر كەسانێك بیر لەوە بكاتەوە كە ئۆكرانيا رۆژێك دێت بە تەنها دەمێنێتەوە، ئەو كات مانای ئەوە دەدات كە لەوە تێنەگەیشتووە كە بۆ كێ و لە پێناو كێ دەجەنگین. ئەگەر رۆژئاوا واز لە پاڵپشتیكردنمان بهێنێت، وڵاتەكەمان لەناو دەچێت و چیتر نامێنێت".
زێلێنسكی، ئەوەشی خستەڕوو كە ئۆكرانییەكان نەفرەت لە سیاسەتەكانی سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمیتر پوتین دەكەن و پوتینیش بە هیچ شێوەیەك ئەمە ناگۆڕێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە