بەپێی ئەو ئامارانەی كە لە سعودییە بڵاوكراوەتەوە، لە پڕۆسەی ئەمساڵی حەجدا بەشێوەیەكی گشتی زیاتر (900) كەس گیانیان لەدەستداوە كە زۆرینەیان خەڵكی وڵاتی میسرن، سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش ئەوەی زانراوە تا ئێستا (16) حاجی گیانیان لەدەستداوە.
ئامارەكە لەلایەن ئاژانسی (فڕانس پرێس) ەوە بڵاوكراوەتەوەو تێیدا هاتووە، بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان لە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵدا زیاتر لە (900) كەس گیانیان لەدەستداوە، زۆری رێژەی مردووانیش بەهۆی بەرزی پلەكانی گەرما بووە كە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە سعوودییە بۆ سەرووی (51) پلەی سیلیزی بەرز ببووەوە.
زۆرینەی ئەو حاجیانەشی گیانیان لەدەستداوە خەڵكی وڵاتی میسرن كە ژمارەیان زیاتر لە (600) حاجی بووە، دوای ئەویش هەریەك لە ئەندۆنیسیا (132)، هیندستان (68)، ئەردەن (60)، تونس (35)، ئێران (11) و سەنیگال (3) حاجی گیانیان لەدەستداوە.
سعودییە لە دەستپێكی پڕۆسەی حەجدا رایگەیاندبوو كە بۆ ئەمساڵ پێشوازی لە (1.8) ملیۆن حاجی لە سەرتاسەری جیهان دەكەن.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیش، بەگوێرەی ئەو ژمارانەی كە شاندی حاجیان بڵاویانكردۆتەوە لە پڕۆسەی حەجی ئەمساڵدا (16) هاوڵاتی هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستداوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە