ڕاوێژكاره نوێیه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، "ساڵی 2019 ساڵی كه‌وتنی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌بێت" به‌رپرسێكی ئێرانیش وه‌ڵامی ئه‌و لێدوانه‌ی دایه‌وه.
حه‌سه‌ن نه‌قوی وته‌بێژی لیژنه‌ی ئاسایشی نیشتمانیی له‌په‌رله‌مانی ئێران ڕایگه‌یاند، "ئه‌مریكا به‌دانانی جۆن بۆڵتۆن وه‌ك ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی وڵاته‌كه‌ی، به‌رنامه‌ی ڕوخاندنی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان هه‌یه".
ئه‌و به‌رپرسه ئێرانییه هۆشداریشیداوه له‌وه‌ی، ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ی سه‌پاندنی سزای ئابووری به‌سه‌ر ئێران‌دا، ڕژێمهكهمان بڕوخێنێت.
پێشتر جۆن بۆڵتۆن كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌مریكاوه بۆ پۆستی ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئه‌مریكا دیاریكراوه ڕایگه‌ند، "2019 ساڵی ڕووخاندنی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێرانه، له‌گه‌ڵ موجاهیدینی خه‌ڵق له‌تاران ئاهه‌نگده‌گێڕین".
وته‌بێژی لیژنه‌ی ئاسایشی نیشتمانیی له‌په‌رله‌مانی ئێران پێشیوایه، ئه‌مریكا دۆسیه‌كانی ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی تاران‌و واشنتۆن، موشه‌كی بالیستیی ئێران، ڕۆڵی تاران له‌وڵاتانی هه‌رێمیی، ده‌كاته به‌رنامه‌ی كاری خستنی ڕژێمی ئێران.
حه‌سه‌ن نه‌قوی هۆشداریشیداوه‌ته به‌رپرسانی وڵاته‌كه، كه ئاماده‌سازیی بۆ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئه‌مریكا بكه‌ن.
جۆن بۆڵتۆن كه له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپه‌وه وه‌ك ڕاوێژكاری نوێی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ئه‌مریكا ده‌ستنیشانكراوه، به‌یه‌كێك له‌و به‌رپرسانه‌ی ئه‌مریكا داده‌نرێت كه دژ بهڕێككهوتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی تاران‌و واشنتۆنه، هاوكات له‌ساڵانی ڕابردووش‌دا یه‌كێك بووه له‌و ئه‌مریكییانه‌ی كه داوای له‌ئیسرائیل كرد هێرشی ئاسمانی بكاته سه‌ر بنكه‌ی بوشه‌هری ئێران، كه له‌و بنكه‌یه‌دا تاران به‌رنامه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی په‌ره‌پێده‌دا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە