پەیامی کورد... سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین: بڕیاری یەکپۆشی بۆ نەهێشتنی جیاوازی چینایەتییە
د. کامەران یوونس سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین ڕایگەیاند، بڕیارە بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن لە هەموو کۆلێژەکان جل و بەرگی قوتابی یەکپۆشی بێت، بۆئەوەیە جیاوازی و چینایەتی لەنێوان قوتابییان نەکرێت.
د. کامەران بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتووە، دەستیان بە ڕاپرسیەک کردووە بۆ یەکپۆشی لە زانکۆی سەلاحەدین و دوو ڕەنگی جل و بەرگیان دیاری کردووە کە "ڕەساسی و سپی" و "ڕەش و سپی"ن، مەرجیش نیە هەموو زانکۆی سەلاحەدین یەک ڕەنگ بێت و دەکرێت هەر کۆلێژێک ڕەنگێک بێت، گرنگ یەکپۆشی بێت.
ڕونیشیکردووەتەوە، تەنها لەماوەی چەند کاتژمێرێک نزیکەی ٦ هەزار قوتابی بەشداری ڕاپرسیەکەی کردووە و زۆرینەی لەگەڵ یەکپۆشی جل و بەرگی زانکۆن و زانکۆکانی دیکەش سودیان لەوان وەرگرت وەکو زانکۆی سلێمانی و باسیان لەوەکرد کە بەنیازن ئەو کارە بکەن.
سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەوەی قوتابی داوای دەکات ٩٥٪ی یەکپۆشی بێت لە زانکۆ و مەبەستیشیان نەهێشتنی جیاوازی چینایەتییە لەنێوان قوتابییان، چونکە قوتابی هەیە سێ مانگ بە جل و بەرگێکە و هەشە هەر ڕۆژە جۆرێک جل و بەرگ لەبەر دەکات، بۆیە دەیانەوێت ئەو جیاوازیە نەمێنێت لە نێوان قوتابی دەوڵەمەند و هەژار، جگە لەوەش بۆ ئەوەی قوتابی لەجیاتی گرنگیدان بە جل و بەرگ گرنگی بە خوێندنی خۆی بدات، بۆیە دایانناوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئەگەر بڕیاری کۆتایی درا جل و بەرگ لە زانکۆی سەلاحەدین یەکپۆشی بێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە