نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆزى سویسرا كرد

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆزى سویسرا كرد
پەیامی کورد     ...    نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ باڵیۆزى سویسرا كرد

به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 2022/1/20 نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ لوكاس گاسه‌ر باڵیۆزى سویسرا بۆ عیراق و ئوردن و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه‌ له‌ عه‌ممانه‌وه‌ كاره‌كانى به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

له‌ كۆبوونه‌یه‌كدا بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سویسرا تاوتوێ كرا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش جه‌خت له‌ گرنگی كردنه‌وه‌ و ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ى باڵیۆزخانه‌ له‌ به‌غدا كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها باسیان له‌ پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى عیراق به‌گشتى كرد.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ فره‌ییى نه‌ته‌وه‌یى و ئایینى له‌ عیراق ده‌وڵه‌مه‌ندییه‌ و گرینگه‌ عیراقییه‌كان بۆ پرۆسه‌ى سیاسی ووڵات بگه‌نه‌ لێكگه‌یشتنى هاوبه‌ش و حكوومه‌تى داهاتوو و پرۆسه‌ى سیاسى به‌گشتى كۆكه‌ره‌وه‌ و له‌ خزمه‌تى سه‌قامگیریى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندیى عیراق و هه‌موو پێكهاته‌كانى و له‌ ئاستى‌ ته‌حه‌دییه‌كانى به‌رده‌میدا بێت.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ گرینگه‌ له‌ عیراق سه‌قامگیری سیاسى هه‌بێت و ڕێگه‌یه‌ك بۆ پێكه‌وه‌كاركردن و هاوبه‌شى بدۆزرێته‌وه‌ و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌تایبه‌تى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كه‌ ئیراده‌ و بڕیارى سیاسى پێویسته‌، هه‌روه‌ها پابه‌ندى به‌ ده‌ستووره‌وه‌ بكرێت و فیدرالى بچه‌سپێت، كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش له‌ پشتیوانیكردنى عیراق به‌رده‌وام بێت.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و په‌یوه‌ندییه‌كانى عیراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە