پەیامی کورد... ئهمریكا یارمەتییەکی نوێی سەربازیی بە بەهای 375 ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکرانیا دابیندهكات
سەرۆکی ئەمەریکا یارمەتییەکی نوێی سەربازیی 375 ملیۆن دۆلاریی بۆ ئۆکرانیا ئاشکرا کرد و بە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وت ئەمەریکا هەرچی لە توانایدا بێت کردوویەتی بۆ پتەوکردنی بەرگرییەکانی ئۆکرانیا لە جەنگەکەیدا دژی ڕووسیا.
جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا لە هیرۆشیمای ژاپۆن و لە ماوەی کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ زێلێنسکی لە پەراوێزی کۆبوونەوەکەی گروپی حەوتدا وتی یارمەتییە سەربازییەکە تەقەمەنی و تۆپهاوێژ و ئوتومبێلی زریپۆش و مەشقی تێدا دەبێت.
ئاماژهی بهوهش كرد " پێکەوە لەگەڵ سەرجەم گروپی حەوتدا، پشتی ئۆکرانیا دەگرین و بەڵێن دەدەم بۆ هیچ شوێنێک ناڕۆین."
کۆشکی سپی ئهوهشی خستۆتهڕوو،بایدن لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە ئامادەیی ئەمەریکا کردۆتەوە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا بۆ بونیادنانی توانایەکی درێژخایەن بۆ بەرگریکردن لە خۆی دژی دوژمنکارییەکەی ڕووسیا.
سەرۆکی ئەمەریکا لەوبارەیەوە باسی لە پشتیوانییەکانی ئەمەریکا کردووە بۆ هەوڵێکی هاوبەش لەگەڵ هاوپەیمانان و وڵاتانی هاوبەشدا بۆ پێدانی مەشق بە فڕۆکەوانە ئۆکرانییەکان لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی نەوەی چوارەمی فڕۆکەی شەڕکەری وەکو ئێف - 16.
ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا وتی زێلێنسکی سوپاسی ئەمەریکای کردووە لەسەر یارمەتییە نوێیەکە، هەروەها لەسەر یارمەتییە داراییەکانیشی لە ماوەی جەنگەکەدا کە تاوەکو ئێستا گەیشتۆتە 37 ملیار دۆلار.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە