پەیامی کورد... هەناردەی کارەبای ئێران بۆ دەرەوە ٥٤ لەسەد کەمی کردووە
وەزارەتی "وزە"ی ئێران ڕایگەیاندووە کە هەناردەی کارەبای ئێران بۆ وڵاتانی دەوروبەر ٥٤ لەسەد کەمی کردووە.
لەو پەیوەندییەدا هەواڵدەریی "خامە"ی ئەفغانستانی لە زمانی بەرپرسانی خۆجێیی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ٧٣ لەسەدی کارەبای ئەفغانستان لە وڵاتانی دەوروبەرەوە دابین دەکرێت کە لەو ڕێژەیە ٢٢ لەسەدی لە ئێرانەوە دابین دەکرێت.
ساڵی ٢٠١٨ بەر لە گەمارۆکانی ئامریکا، ئێران زیاتر لە ٧٠ لەسەدی کارەبای ئەفغانستانی دابین دەکرد.
هەواڵدەری "ئیلنا"ی ڕۆژی هەینی ٢٧ی ئایار ڕایگەیاند کە بازاڕی کارەبای ئێران لەلایەن وڵاتانی "ئاسیای ناوەندی"یەوە قۆرخ کراوە و لاوازی لە بەشی بەرهەمهێنان و ناکارامەیی لەو بوارەدا و نەبوونی سەمایەدانان لە دەیەکانی ڕابردوودا، هۆکاری ئەوە بووە کە ئەفغانستان بۆ هاوردەکردنی کارەبا ڕوو لە وڵاتانی ئاسیای ناوەندی بکات.
ئامارەکانی وەزارەتی "وزە"ی ڕژێم ئەوەی نیشان داوە کە ئێران لە مانگی مارسی ئەمساڵدا ٣٤١ ملیۆن کیلۆوات کاتژمێر هاوردەی کارەبای هەبووە کە لەچاو مانگی مارسی ساڵی پێشوو ٦٧ لەسەد زیاتر بووە. هەروەها ٢٣٩ ملیۆن کیلۆوات کاتژمێر هەناردەی هەبووە کە لە چاو ساڵی ڕابردوو ٥٤ لەسەد کەمبوونەوەی بۆ خۆیەوە دیتووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە