گرووپێکی عێراقی بەرپرسیارێتی هێرشی دڕۆنی بۆ سەر ئیسرائیلی بە ئەستۆ گرت

گرووپێکی عێراقی بەرپرسیارێتی هێرشی دڕۆنی بۆ سەر ئیسرائیلی بە ئەستۆ گرت

رۆژی دووشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە درۆنی خۆکووژی هێرشکراوەتە سەر شاری ”ئیلات” و بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراقیش دەڵێن “ئامانجێکی گرنگمان لە شارەکە پێکاوە”.

رۆژی دووشەممە (1ـی نیسانی2024)، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “هێزەکانی سوپا لە دزەکردنی تەنێکی ئاسمانیی گوماناوی لە شاری ئیلات ئاگادارکرانەوە و دواتر دەرکەوت کە درۆنی خۆکوژییە و لە رۆژهەڵاتەوە بەرەو خاکی ئیسرائیل پەڕیوەتەوە”.
لە راگەیەندراوەکە ئەوەش هاتووە، “ئامانجەکە لە ناوچەی کەنداوی ئیلات کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە بەڵام هەندێک باڵەخانە زیانیان بەرکەوتووە”.

لەلایەکی دیکەوە چەکدارانی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە، “چەکدارانی بەرە، لە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە بە چەکی پێویست هێرشیانکردووەتە سەر ئامانجێکی هەستیاری ئیسرائیلی”.

سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئیسرائیل رایانگەیاندووە، لە ئاسمانی شاری ئیلات دەنگی چوار تەقینەوەی گەورە بیستراوە و سەرەتا درۆنێکی خۆکووژیی ویستوویەتی هێرشبکاتە سەر بنکەی سەربازیی دەریایی لە شارەکە. هەروەها فڕۆکەی دووەم لە ئاسمان تەقێندراوەتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە