وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا گەمارۆی نوێی خستە سەر ئێران

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا گەمارۆی نوێی خستە سەر ئێران

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر، گەمارۆی نوێی بەسەر ڕێژیمی ئێراندا سەپاند.

ڕۆژی پینجشەممە ٤ی ئەپریلی ٢٠٢٤، ماڵپەڕی خەزێنەداریی ئامریکا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی کردەوەی تێرۆریستی، سزای نوێی بەسەر کۆمپانیای "ئۆشن لینک ماریتایم دی ئێم سی سی" و کەشتیەکانیدا سەپاندووە.

بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، کۆمپانیای "ئۆشن لینک ماریتایم دی ئێم سی سی" و کەشتییەکانی بەهۆی ڕۆڵیان لە گواستنەوەی باری چەکوچۆڵ بە نوێنەرایەتیی سپای ئێرانەوە گەمارۆ دراون.

هەروەها لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە ئەمریکا ئەو گەمارۆ داراییانەی بە ئامانجی لاوازکردنی تواناکانی ڕێژیمی ئێران و بە ئامانجی ڕێگریکردن لە دابینکردنی دارایی گرووپە میلیشیاکان و قەدەغەکردنی پشتیوانیی تاران لە ڕووسیە لە شەڕی ئۆکرایندا سەپاندووە.

ئێران تۆڕێکی گرووپی میلیشیای نیابەتیی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوانە، لە عێراق، سووریە، لوبنان و یەمەن هەیە.

هەروەها وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە زنجیرە گەمارۆکانی ئەمریکا و ڕۆژاوا چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە و جیهان دەکەنە ئامانج.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە