جۆ بایدن: ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەکەم

جۆ بایدن: ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەکەم

سەرۆکی ئەمریکا ئیدانەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و رایدەگەیەنێت، یارمەتی تەلئەڤیڤیان داوە لە خستنەخوارەوەی زۆرینەی مووشەک و درۆنەکانی ئێران.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد"ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەم کە لەلایەن ئێرانەوە لە خاکی خۆی و عێراق و یەمەن و سووریا کرایە سەر ئیسرائیل".

بایدن راشیگەیاندووە "یارمەتی ئیسرائیلماندا لە خستنەخوارەوەی زۆرینەی درۆن و مووشەکەکانی ئێران و شێوازی بەرپەرچەردانەوەی هێرشەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە پەیامێکی روونە بۆ دوژمنەکانی، کە ناتوانن ببنە مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە".

سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی "سبەینێ لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی گروپی 7 سەبارەت بە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گفتوگۆ دەکەم".

سەبارەت بە تەوەری گفتوگۆکەی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی گروپی7، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت "گفتوگۆکان بۆ ئەوەیە تاوەکو وەڵامێکی دیپلۆماسی یەکگرتوو دژ بە ئێران بدەینەوە لەبەرامبەر هێرشەکانی بۆسەر خاکی ئیسرائیل".

شەوی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران، لەڕێگەی زیاتر لە 200 درۆن و مووشەکەوە هێرشیکردەسەر ئیسرائیل.

هێرشەکەی ئێران لەکاردانەوەی بۆردوومانکردنی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتەیە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە شارى دیمەشق، کە بووە هۆی کوژرانی دوو فەرماندەی سوپای پاسداران و ژمارەیەک راوێژکاریی سەربازی ئێران.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە