پەیامی کورد… گومان لە سەر تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت هەیە
بەپێی ئەو هەواڵە جیاوازانەی لە میدیا جیاوازەکانی کوردستانەوە لە ئێوارەی دووشە،،ە بڵاو کراونەتەوە و هەروەها بەپێی چەند زانیارییەک کە لەلایەن چەند چالاکێکی سۆشیال میدیاوە پەخش کراون، گومان لە جۆری ئەو تەقینەوەیە دەكرێت كە ئێوارەی ئەمڕۆ لەنێو فڕۆكەخانەی عەربەت لە ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی ڕووی دا و بەهۆیەوە ژمارەیەك كەس كوژران و بریندار بوون.
ئێوارەی دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023، تەقینەوەیەک لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت لە سلێمانی رووی دا، دژەتیرۆری یەکێتی رایگەیاند کە لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەکە.
بە گوێرەی میدیاكانی سلێمانی، لانی كەم نۆ كەس كوژراون كە زۆرینەیان كارمەندی دژەتیرۆری یەكێتین، بەڵام دژەتیرۆری یەكێتی بە فەرمی تەنیا كوژرانی سێ كەس و برینداربوونی سێ كەسی دیكەی پشتڕاست كردووەتەوە.
بەڵام بەپێی ئەو زانیارییە جیاوازانەی میدیا جیاوازەکان و چالاکانی سۆشیال میدیا بڵاو دەبێتەوە، گومان لە جۆری تەقینەوەكە هەیە و زانیاریی جیاواز لەمبارەیەوە هەن، هەندێک پێیانوایە تەقینەوەكە هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بووە، بەڵام هەندێك دەڵێن ئەو تەقینەوەیە لە کاتی دروستکردنی درۆنی خۆتەقێن، لەنێو دەستی گرووپێكی وەهاب هەڵەبجەیی و گرووپێکی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) ڕووی داوە کە بە یەکەوە کاریان لەسەر كردوون و لە ئەنجامدا ژمارەیەک كەس لە گرووپەكەی وەهاب هەڵەبجەیی کوژراون، جگە لەوەی باسی کوژرانی چەند کەسێکی پەکەکەش دەکرێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە تاوەكوو ئێستا، دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی بە فەرمی وردەكاریی تەقینەوەكەیان ڕوون نەكردووەتەوە و رایانگەیاندووە کە زۆر لە زانیارییەکان ناخەنە روو تا لێکۆڵینەوە تەواو دەکەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە