پەیامی کورد ... بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك ڕایگەیاند : جارێكی دیكە بە ھاوكاریی پارێزگاری كەركووك و دادگاكان، لە سنووری ناحیەی لەیلان عەرەبەكان دەیانەوێت زەویی كوردەكان داگیر بكەن و وەزارەتی كشتوكاڵیش ھەموو جۆرە ھاوكارییەكی لە جووتیارە كوردەكان قەدەغە كردووە، بۆ ئەوەی دەستبەرداری زەوییەكانیان بن.
مەھدی موبارەك ڕایگەیاند: "لە سنووری ناحیەی لەیلان جارێكی دیكە عەرەبەكان چوونەتە سەر زەویی كوردەكان و دەیانەوێت زەوییەكانیان داگیر بكەن و كوردەكانیش رێگرییان لێ كردوون و ڕێگە نادەن دەست بەسەر زەوییەكانیاندا بگرن، ئەمانەش ئەوانەن كە پێشتر زەویی كوردیان داگیر كردبوو و دواتر بۆ كوردەكان گەڕاونەتەوە، چونكە موڵكی كوردن، بە تایبەت لە گوندی تەرجڵ".
موبارەك گوتیشی: "ئەو عەرەبەكانە بە پاڵپشتیی پارێزگار و دادگاكانی كەركووك و وەزارەتی كشتوكاڵ دەگەڕێنەوە بۆ سنووری كەركووك و دەیانەوێت دەست بە سەر زەویی كوردەكاندا بگرن، چونكە ھەموو ھەوڵێك بۆ تەعریبكردنی كەركووك دەدرێت".
دەشڵێ: "بەكارھێنانی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد لە سنووری كەركووك لە پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ دەرھێندراوە و ھیچ ھاوكارییەك پێشكەشی كوردەكان نەكراوە لە پێدانی بنەتۆ و كیمیاوی و پێداویستیی كشتوكاڵی، بۆیە كوردەكان لەسەر ئەركی خۆیان ھەموو شتێكیان كردووە، كە ئەمەش دژایەتییەكی ئاشكرای كوردە لە كەركووك".
مەھدی موبارەك باسی لەوەش كرد، كێشەی زەویوزار لە سنووری كەركووك بەسیاسی كراوە و لە ئێستادا بە ھەزاران دۆنم زەوی لە بەردەم تەعریبكردندایە، بۆیە پێویستە ئەو كێشەیە لە نێوان ھەرێم و بەغدا بە زوویی چارە بكرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە