لە دوو نامەدا بۆ عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران جەختیکردووەتەوە، کە ماوەی (٤٠) ساڵە لەوڵاتەکەیاندا هیچ چەشنە ئازادییەک لە ئارادا نییە.
لەو نامانەدا مەحموود ئەحمەدی نەژاد سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، وێڕای رەخنە لە بارودۆخی ئێران، داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەپێکهاتەی هەندێ دامەزراوەی وەک ئەنجومەنی شارەزایان، دەزگای دادوەری کردووە.
هەروەها راشیگەیاندووە، کە دەبێ هێزە سەربازییەکان دەستێوەردان لە کاروباری سیاسیدا نەکەن.
ئەحمەدی نەژاد، دووپاتیشیکردووەتەوە، کە ناڕەزایی گشتی لەهەڵسوکەوتی دەسەڵاتی ئێران، زۆر فراوان و جیدییە و خەریکە بە خێرایی پەرە دەستێنێت و دەبێتە جەوهەری شۆڕش.
لە وەڵامی ئەو دوو نامەیەی ئەحمەدی نەژاد، کە لەدوو کاتی جیاوازدا بۆ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران نووسراون، خامنەیی، ئەحمەدی نەژادی بەوە تاوانبار کردووە، کە بەم کارانەی ئەرکی دوژمن لە ناوخۆی ئێران جێبەجێ دەکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە