ڕەگەزپەرستی و سووکایەتی کردن بە پیاوێکی کورد لە ژاپۆن هەرا دەنێتەوە

ڕەگەزپەرستی و سووکایەتی کردن بە پیاوێکی کورد لە ژاپۆن هەرا دەنێتەوە

پەیامی کورد     ...   ڕەگەزپەرستی و سووکایەتی کردن بە پیاوێکی کورد لە ژاپۆن هەرا دەنێتەوە 

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پیاوێکی کورد لە ژاپۆن کە لەلایەن پۆلیسی ئەو ووڵاتەوە بەشێوەیەکی ناشرین مامەڵەی پێوەدەکرێت، ناڕەزایی هاووڵاتیانی ژاپۆنی لێکەوتووەتەوە، کەیسەکەی بووەتە بەشێک لە هەڵمەتی دژ بە جیاکاری رەگەزی.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کە دەست ئاژانسەکە کەوتووە، پیاوێکی کوردی خەڵکی باکووری کوردستانە، لە ڤیدیۆکەدا کە هاوڕێیەکی تۆماریکردووە دەردەکەوێت ژمارەیەک پۆلیس، لە شەقامێکی تۆکیۆ ئوتومبیلەکەی ڕادەگرن و داوای لێدەکەن ئوتومبیلەکەی بپشکنن، کە ئەو پیاوە کوردە داواکە ڕەتدەکاتەوە، پۆلیس هاواری بەسەردا دەکەن و بە زەویدا دەدەن .

بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە نیگەرانی ژاپۆنییەکانی لێکەوتووەتەوە، ئەوان پێیان وایە مامەڵەی خراپی بەشێک لە پۆلیسەکانی ووڵاتەکە لەگەڵ هاووڵاتیان، بەتایبەت لەگەڵ بیانییەکان بووەتە دیاردەیەکی ناشیرینی ووڵاتەکە.

هاووڵاتیانی ژاپۆن دوێنێ لە شاری تۆکیۆ ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر کەیسی ئەو پیاوە کوردە و مامەڵەی خراپی پۆلیس لەگەڵ هاووڵاتیاندا و دەنگی خۆیان خستەپاڵ دەنگی خۆپیشاندانە فراوانەکانی ئەمریکا کە لە ژێر ناوی “ژیانی رەشپێستەکان گرینگە” بەڕێوەدەچێت.

جگە لە ژاپۆن، لە چەند رۆژی رابردوودا لە بەشێک لە ووڵاتانی ئەورووپا و ئاسیاش خۆپیشاندان دژ بە جیاکاری رەگەزی بەڕێوەچوو، لە کاردانەوەی کوژرانی پیاوێکی رەشپێست بەناوی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسێکی سپی پێستی ئەمریکییەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە