پەیامی کورد ... ڕاوێژکارێکی ئەنجومەنی ڕۆحانی ئێزدییان دەڵێ، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤیرووسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩)ـوە، ئێزدییەکان جەژنیان ناگێڕن.
ئێزدییەکان بە بڕیارێک پەرستگای لالش، گەورەترین و پیرۆزترین پەرستگای خۆیان، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی ڤیرووسی کۆرۆنا، بە ڕووی سەردانکاراندا داخست.
١٥ی ئەم مانگە جەژنی سەری ساڵی ئێزدییەکانە. لەو بارەیەشەوە، کەریم سلێمان، لە لێدوانیکدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێزدییەکان لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤیرووسەکەوە پشتیوانیی خۆمان بۆ حکوومەت و وەزارەتی تەندرووستی ڕاگەیاندووە و پابەندی ڕێنماییەکان دەبین."
جەژنی چوارشەممەی سەری ساڵ، كۆنترین و پیرۆزترین جەژنی كوردانی ئێزدییە، هەر ساڵێك ئەم جەژنە دەكەوێتە چوارشەممەی یەكەم لە مانگی نیسان، بە ڕۆژژمێری خۆرهەڵاتی، بە بڕوای ئێزدییانیش ئەم جەژنە سەرەتای درووستبوونی گەردوونە.
کەریم سلێمان گوتی: "ئێمە بە ناوی ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییانەوە پیرۆزبایی لە تەواوی مرۆڤایەتی دەکەین، داوا لە هەموو ئێزدییەکان دەکەم ئەم جەژنە لە ماڵەکانیاندا بکەن، هیچ گردبوونەوەیەک ئەنجام نەدەن، چوونکە ئەم پەتایە هەڕەشەیە بۆ سەر هەموومان."
حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك ڕێزێك لەم پێكهاتە ئایینییە ئەو ڕۆژەی كردووەتە پشووی فەرمی بۆ هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە