سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە ئاستی ووڵاتانی عەرەبی و جیهاندا کاردانەوەی بەهێزی هەبووە

سەردانی سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە ئاستی ووڵاتانی عەرەبی و جیهاندا کاردانەوەی بەهێزی هەبووە

پەیامی کورد  ...  نووسەر و چاودێری سیاسی و راوێژكاری سەرۆك بارزانی، كیفاح مەحموود، لەبارەی سەردانی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دیپلۆماسییەتی كورد لە ناوچەكەدا بەهێزە و وڵاتانی جیهانیش بە گرینگییەوە لە كوردستان دەڕوانن. دەشڵێ، سەردانی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا، لە ئاستی ووڵاتانی عەرەبی و جیهانیشدا دەنگدانەوەی باشی هەبووە.

لە ماوەی دوو مانگدا، وەزیری وزەی ئەمەریكا و وەزیری دەرەوە و وەزیری دەرەوەی ئێران و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و راوێژكاری سەربازیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا و دواجار سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیا سەردانی كوردستانیان كرد و، لەلایەن سەرۆكوەزیرانی كوردستانەوە پێشوازییان لێ كرا.

نووسەر و چاودێری سیاسی و ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی، كیفاح مەحموود، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "سەرۆك بارزانی بە چوونی بۆ بەغدا، دڵنیایی دایە لایەنە عێراقییەكان و دەرگای دیپلۆماسییەتی كوردستانی بە رووی جیهاندا كردەوە، بەوەی كە كوردستان قەت لایەن یان هۆكاری شەڕ نەبووە،  هاتنی وەزیرانی دەرەوەی ووڵاتانیش، دەرخەری ئەوەیە كە كوردستان یارییەكی بەهێز لە ناوچەكەدا دەكات، جیالەوەی بووەتە وەكیلی پاراستنی ئاشتی لە هەموو جیهان لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا.

مەحموود گوتیشی: "ئێستا كوردستان بووەتە سەنتەری دیپلۆماسییەتی وڵاتانی عەرەبی و ئەوانیش ركابەری دروستكردنی پەیوەندیی باشن لەگەڵ كوردستاندا، ئەمەش دەرئەنجامی سەركەوتنی سیاسەتی كوردستانە و دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانییە بۆ ئاشتەوایی لە ناوچەكەدا".

راوێژكارەكەی سەرۆك بارزانی، هەروەها ئەوەشی خستە روو: "ئیتاڵیا وڵاتێكی بەهێزە لە یەكێتیی ئەورووپادا و ئەوانیش حەز دەكەن لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێنان و بازرگانی لە كوردستان كار بكەن، بیریشمان نەچێت بوونیان لە بەشێك لە خاكی كوردستاندا گرینگە، بە تایبەت لە نۆژەنكردنەوەی پرد و بەنداوەكاندا و سەردانی سەرۆكوەزیرانی ئیتاڵیایش بۆ كوردستان، لە ئاستی شەقامی عەرەبی و وڵاتانی جیهانیش، لە میدیاكانیاندا دەنگدانەوەی باشی هەبوو".

كیفاح مەحموود دەشڵێت: "پێشبینی دەكەم سەردانی دیپلۆماتكاران و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتان بۆ كوردستان، لە ئاستێكی فراوانتردا بەردەوام بێت".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە