پەیامی کورد... باوکی یەکێک لە شەهیدەکانی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەرکرا
کەماڵ لوتفی، باوکی ڕەزا لوتفی، لاوێکی گیانبەختکردوو کە لە ڕەوتی ڕاپەڕینی جەماوەریی شاری دێولان و لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراوە، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١۶ی ئەپریلی ٢٠٢٣) کەماڵ لوتفی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری دێولان و باوکی بنەماڵەی یەکێک لە گیانەختکردووانی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئەو شارە، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە شەقامێکی شاری دێولان بەبێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.
کەماڵ لوتفی چەند مانگ پێش کوڕێکی بە تەقەی هێزە حکوومەتییەکان کوژراوە و لە ماوەی ڕابردووشدا بەردەوام لەژێر گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە. ناوبراو لە وەڵامی وابێژیی ناوەندە حکوومەتییەکاندا کە وتوویانە کوڕەکەی لەلایەن "کەسانێکی دژە شۆڕشی کۆماری ئیسلامییەوە کوژراوە"، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو چەواشەکارییانەی هێزە حکوومەتییەکان، ڕایگەیاند؛ کوڕەکەی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراوە.
ڕەزا لوتفی، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی شاری دێولان، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئەو شارە و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە