عەدنان عوسمان: دیاریکردنی بەربژێرەکانی گۆڕان پێویستی بەو کێشانە نەدەکرد

عەدنان عوسمان: دیاریکردنی بەربژێرەکانی گۆڕان پێویستی بەو کێشانە نەدەکرد

عەدنان عوسمان، هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت "نیگەران و حەپەساوم" بەوەی تاوەکو ئێستا گۆڕان بەربژێری جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستانی یەکلانەکردووەتەوە.

لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووس لە رادیۆی رووداو، عەدنان عوسمان،  پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان رایگەیاند، دانانی بەربژێرەکان بۆ ئەو پۆستانە پێویستی "بەو هەموو کاتە نەبوو. دانانی بەربژێرێک بۆ جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیچ پێویستی بەو کێشانە نەدەکرد".

عەدنان عوسمان هیچ هۆکارێک بۆ دیارینەکردنی بەربژێرەکان نابینێت. دەشڵێت "ئەو نوخبەیەی کە لەنێو حیزبەکاندا باڵادەستن، سرووشتی کارکردنیان وایە کە پەلە ناکەن لە بڕیاردان".

بەگوتەی ئەو هەڵسوڕاوەی گۆڕان، پێدەچێت لە 24 کاژێری داهاتوودا بەربژێرەکانی گۆڕان یەکلاببنەوە.

تاوەکو ئێستا تەنها محەممەد تۆفیق رەحیم، وەک بەربژێری جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان خۆی راگەیاندووە. بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، بەربژێری دیکەش لەگەنگەشەدان وەک مستەفا سەید قادر، وەزیری پێشووی پێشمەرگە.

بڕیاربوو پێش جەژنی قوربان بزووتنەوەی گۆڕان 62  بەربژێری بۆ بەرکەوتەکانی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلابکاتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستەکانی وەک بریکاری وەزیر و راوێژکار.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە