" پەیامی کورد " ١١٦ هەمین ساڵیادی لە دایکبوونی سەرکردەی کورد " مستەفا بارزانی " پیرۆز دەکات

" پەیامی کورد " ١١٦ هەمین ساڵیادی لە دایکبوونی سەرکردەی کورد " مستەفا بارزانی " پیرۆز دەکات

ئەمڕۆ 116 ساڵ بەسەر لە دایکبونی مستەفا بارزانی تێدەپەڕێت، کە 1903/3/14 لە گوندی بارزان لەدایک بوە.
 
مستەفا بارزانی، ناوی تەواوی مستەفا کوڕی شێخ محەمەد بارزانی-یە، لە 14ی ئاداری 1903 لە گوندی بارزان، لەدایکبوە، لە تەمەنی سێ ساڵیدا، کاتێک مەلا مستەفا بەر ھەڵمەتێکی عوسمانییەکان دەکەوێت و دوای بەدیلگرتنی شێخ عەبدولسەلام کە برای گەورەیەتی، لەگەڵ دایکیدا بۆ ماوەی ٩ مانگ، زیندانی دەکرێت.
 
بارزانی ساڵی 1919 بەشداریی شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید دەکات و سەرکردایەتیی ھێزێکی 300 کەسی پێدەسپێردرێت، دواتر لە ساڵی 1920 لەلایەن شێخ ئەحمەد بارزانیی برایەوە دەنێردرێت بۆ لای شێخ سەعیدی پیران لە باکوری کوردستان بە مەبەستی ھەماھەنگیکردن لەگەڵ شۆڕشەکەیدا.

لە شۆڕشەکانی ساڵی 1931- 1932 بۆ بەرگریکردن لە میحوەرەکانی (مێرگەسور و شێروان)، فەرماندەیی ھێزێکی گەورەی دەکرد کە بەرامبەر ھێزەکانی ئینگلیز دەجەنگان، لەوێشەوە ناوبانگی وەک سەرکردەیەکی سەربازیی بەتوانا و شارەزا دەرکرد.
 
مستەفا بارزانی لە 15ی ئابی 1945 لە ئێرانەوە دامەزراندنی پارتی دیموکراتیی کوردستان راگەیەند، لە 22ی کانونی دوەمی 1946، لە مەراسیمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان لە مەھابات، مەلا مستەفا لە دەستە ڕاستی قازی محەمەد وەستابو، لەوێدا بە فەرماندەی سوپای کۆماری کوردستان دەستنیشان کرا و پلەی "ژەنەڕاڵ"ی پێبەخشرا.

بارزانی، لە دوای ساڵی 1975، توشی نەخۆشی دەبێت، دواتر بە مەبەستی چارەسەرکردنی، دەچێتە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام لە ساڵی 1979 کۆچی دوایی دەکات، دواتر تەرمەکەی بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەگەڕێننەوە و لە ناوچەی شنۆ بە شێوەیەکی کاتی بەخاک دەسپێردرێت.

دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991ی گەلی کورد روفاتی بارزانی دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان و لە ناوچەی بارزان بەخاک دەسپێردرێت.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە