پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا کۆبووەوە
مەسروور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له ڤیکتۆریا نولاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و شاندێكى یاوهرى كرد.
له كۆبوونهوهکەدا كه ئەلینا ڕۆمەناوسكى، باڵیۆزى ئهمریكا لە عێراق ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە پێویستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و نابێت بەغدا وەک هاووڵاتییەکی پلەدوو، ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی سیستەمی فیدراڵی و پتەوکردنی بنەما دیموکراتییەکان لە عێراقدا کردەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پشتیوانیی ووڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی لە چوارچێوەی عێراقدا دووپات کردەوە.
پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیان و ئازادیی ئایینی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێکهاتەکانی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە