ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەک کرا

ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی  ئێران هەک کرا

پەیامی کورد... ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەک کرا


ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەلایەن گرووپێکی هەکێریی سەر بە "موجاهیدنی خەلق" هەک کرا و لەو هێرشە سایبێرییەدا کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ئەو وەزارەتخانەیە بڵاو کرایەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی مەی، گرووپی هەکێریی ناسراو بە "ڕاپەڕین هەتا ڕووخاندن" (قیام تا سرنگونی) لە ڕێگەی هەککردنی ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ئەو وەزارەتخانەیەیان بڵاو کردەوە، لەوانەش زانیارییە کەسییەکانی بەڕێوەبەرانی پلە باڵا و ١١ هەزار کارمەندی ئەو ناوەندەیان بڵاو کردەوە.

هەروەها وێنەی سەرکردەکانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی ئیدیعای ئەو گرووپە هەکێرییە، "٢١٠ ماڵپەڕ و سیستمی وەزارەتی دەرەوە"ی کۆماری ئیسلامی لە ئەنجامی هێرشێکی سایبێریدا لەکار کەوتوون.

هەروەها بەپێی ڕاگەیەندراوی گرووپی هەکێریی "ڕاپەڕین هەتا ڕووخاندن"، بەڵگەنامەکانی وەک لیستی کارمەندانی وەزارەتی دەرەوه و نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامی لە هەموو وڵاتان هەک کراون.

لیستی ئەندامانی شۆرای ناوەندی و ڕاوێژکار و فەرماندەکانی بنکەکانی ناوەندی بەسیجی سەر بە وەزارەتی دەرەوە، هەروەها لیستی ڕێکخستنی بەسیجی کەربەلا لە وەزارەتی دەرەوە، بەشێک لە بەڵگەنامە هەککراوەکانن.

هەروەها ژمارەی مۆبایلی بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و هەروەها لیستی ئەو ماشینانەی کە لەبەردست ئەو بەرپرسانەیە، بڵاو کراوەتەوە.

ئەو گرووپە هەکێرییە وێنەی پاسپۆرتی عەلی شەمخانی، بەرپرسی شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی و کارتی بەسیجی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێرانی لە کاناڵی خۆیاندا بڵاو کردووەتەوە.

گرووپی هەکێریی ''ڕاپەڕین هەتا ڕووخاندن'' مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردووش سیستمی شارەداریی تارانی هەک کردبوو.

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە