پەیامی کورد ... سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایدەگەینێت، دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، لە كەركووك شتێك بە ناوی یاساوە نییە، ھەر ھەنگاوێكیش بنرێت، نادەستوورییە. دەشڵێت، بارودۆخی كەركووك بەم شێوەیەی ئێستا لە بەرژەوەندیی كوتلە بەھێزەكانی پەرلەمان و حكوومەتە.
ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ ھەفتەی داھاتوو دواخرا، سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاش، ڕێبوار تاڵەبانی، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند : دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر، شتێك نییە ناوی یاسا بێت لە پارێزگای كەركووك، ھەر ھەنگاوێكیش بنرێت، لە ڕووی یاسایی و ئیدارییەوە نادەستوورییە، چوونكە سەرپێچیی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكە.
پێوەست بە دواقۆناغەكانی ئاساییكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، رێبوار تاڵەبانی ڕایدەگەینێت، كۆبوونەوەی ئەنجوومەن ماوەتەوە سەر بارودۆخی كەركووك، ئێمە دوای ١٦ ئۆكتۆبەر گوتوومانە بارودۆخی كەركووك نادەستوورییە، ھەر بۆیە داوامان لە حكوومەتی ناوەند كردووە، ئەو بارودۆخە ئاسایی بكاتەوە.
ناوبراو نایشارێتەوە، كە تاوەكو ئەمڕۆ ھەنگاوی جیددی نەنراوە لە لایەن حكوومەتی ناوەند و پەرلەمانی عێراق، وەك خۆی دەڵێت، بارودۆخەكە بەم شێوەیە لە بەرژەوەندیی كوتلە بەھێزەكانی پەرلەمان و حكوومەتە، چونكە نایەنەوێت بارودۆخەكە ئاسایی بكرێـتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم بارودۆخە لە بەرژەوەندیی ھەندێك لایەنی سیاسیی عێراقە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق نووسراوێكی ئاراستەی بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك كردووە، كە سەرجەم ئەو ئەفسەرە كوردانە بانگ بكرێن كەوا بەشدارییان لە پرۆسەی بەرێوەچوونی ریفراندۆمی ھەرێمی كوردستانیان كردووە و دەنگیان بە بەڵێ داوە.
بۆ ئەم پرسە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، دەڵێت، ئازادیی سیاسی بۆ ھەموو تاكێكی عێراقە، رێگاشی بە ھەموو كەسێك داوە بە ئازادی ڕای خۆی دەرببرێ، لەسەر ھەر بابەتێك كە بیەوێت، ئەگەر بڕیارێكی لەم جۆرەش ھەبێت، نەك هەر نایاسایی نییە، بەڵكوو نادەستوورییشە، ئەگەر بڕیارێكی لەو جۆرەش بدرێت، ئێمە دژی ئەو بڕیارە دەوەستینەوە.
لە ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٧، ریفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوە چوو، لە دەنگدانەكەشدا ھاووڵاتیان لەسەدا ٩٢.٧٣ بە بەڵێ دەنگیان بە سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان دا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە