پەیامی کورد ... پاڤڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکیتی نیشتیمانی پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
بافڵ تاڵەبانی لەسەر گۆڕی رێبەری کۆچکردو مام جەلال پەیامێکی بۆ یەکێتییەکان و خەڵکی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەمو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بو خرابونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران"، دەشڵێت، "دەست خرابوە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکوو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن".
بافڵ تاڵەبانی، کە وەک سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆی ناساندوە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا بەناونیشانی "باوکە گیان رێنیشاندەر و رابەری مێژوییمان" رایگەیاندوە، "ئەمڕۆ ھاتوومەتە حزورت تا لەنزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەھیدان، رەنج و ماندوبونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "دواجار بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەمو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بو خرابونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە، لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبون، بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا، دەست خرابوە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران، بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکوومەت دەکرا تاوەکوو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن، قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە".
بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەشکردوە، "دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نوسەران، رۆژنامەنوسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ھەمووی بەھەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان".
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەت بەڵێن دەدەین یەکێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین، جەخت دەکەمەوە داھاتوی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت و رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ کاروکاسبی و ژیانی ھەموان".
بافڵ تاڵەبانی نوسیویەتی، "بەڵێن بێت، بەڵێن لەئاست گەورەیی یەکێتی و سەروەری خاکی ھەرێم بم بۆ پارێزگاریکردن لەمافەکانی خەڵک و بەرژەوەندی گشتی و یەکێتییەکان و تێکۆشەران و کەسوکاری شەھیدان".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە