ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

پەیامی کورد     ...    ئەنجوومەنی وەزیران ڕاگەێندراوێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان قەوارەی سیاسی و شەرعی خەڵکی کوردستانە، هێزی پێشمەرگەش پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە، بۆیە هەر هێرشێکی لەم جۆرە، هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان، دەشڵێت، "دژی شەڕی براکوژیین، لەم چوارچێوەیەشدا ئەم جۆرە هێرشانە بە بەزاندنی هێڵی سوور دەزانێت".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی ساز کرد، لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە هێرشی ئەمڕۆی ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک لە لایەن هێزەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، لەوەی هەرێمی کوردستان، قەوارەی سیاسی و شەرعیی خەڵکی کوردستانە، هێزی پێشمەرگەش پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە ، بۆیە هەر هێرشێکی لەم جۆرە  هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی شەڕی براکوژییە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەم جۆرە هێرشانە بە بەزاندنی هێڵی سور دەزانێت، ئەم  هێرشەی ئەمڕۆش کە کراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی پەکەکە، بە توندی ئیدانە دەکات و بە دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی لە قەڵەم دەدات، لەم چوارچێوەیەشدا، "وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێگری لە تێکچونی ئاسایشی هەرێم دەکەین". 

لە راگەێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕو، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران جارێکی دیکە هوشداریدا لە مەترسییەکانی زیاتر تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە گەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما و رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی ڤیرووسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار و ڕۆژ نییە چەندین کەس گیان لە دەستنەدەن.

مەسروور بارزانی دام ودەزگاکانی حکوومەتی ڕاسپارد کە "نابێت بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک لە پابەندبوون بە رێنماییە تەندرووستییەکان و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بکرێت، بەتایبەتی لە فەرمانگەکانی حکوومەت و شوێنە گشتییەکان، ئەوانەی بێ باکیشن و بە شێوەیەکی نابەرپرسانە مامەڵە لە گەڵ ئەو دۆخە مەترسیدارە دەکەن و پابەند نابن ، ئەوە بەداخەوە بە مەبەست ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسی جیددیەوە و دەبنە هۆکار بۆ مردنی خزم و کەس وکار و هاووڵاتییان بە گشتی".  

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە رەوشی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و ستراتیژی وەزارەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤیرووسەکە خستەڕوو.

دواتر رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە میکانیزم و ئاستی جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییەکانی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و کێشە و گرفت و ئاستەنگەکان خستەڕو، ئاماژەی بە کۆمەڵێک پێشنیاریش کرد بۆ زیاتر پابەندبوونی فەرمانگەکانی حکوومەت و هاووڵاتییان و سەردانکەرانی دامودەزگا حکوومییەکان بە رێنماییەکان.

لە تەوەری دووهەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ راپۆرتێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە رێکخستنی کاری کۆمپانیا ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان و داتا و زانیاریی پێویستی لەم ڕووەوە خستەڕوو، کە تیایدا مەرجەکانی پێدانی مووڵەتی کار بەم کۆمپانیایانە و پابەندییەکانیان و چالاکیەکانیان وپابەندکردنیان بە پێدانی باجی پێویست و چاودێریکردنی کارەکانیان لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پاسەوانی رونکرابوەوە، بە ئاڕاستەی ڕێکخستنەوەی کار وچالاکی ئەم کۆمپانیایانە لە چوارچێوەی مەبەستەکانی دامەزراندنیان و بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی.

لە راگەێندراوێکدا ئەوەش هاتووە، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، دوای لە بەرچاوگرتنی هەمو تێبینی و پێشنیارەکان، پڕۆژە یاسایەک سەبارەت بەم بابەتە ئامادە بکرێت و لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تەشریعکردنی.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە