ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان ڕایگەیاند، پارتی حەوت سەرۆك و حەوت جێگر و پێنج بڕیاردەر وەردەگرێت و ناوەكانیشیان ئامادە كراون.
پەرلەمانی كوردستان ١٥ لیژنەی هەمیشەیی هەن، بەپێی پەیڕەی ناوخۆی پەرلەمانیش، بڕیارە ٢٥ ڕۆژ لە دوای دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان، لیژنەكان دیاری بكرێن، دوای ئەوەی لە " ٢٦-٢-٢٠١٩ " ـش پەرلەمانی كوردستان لیژنەی یاسایی هەڵبژارد، ١٤ لیژنەی تری پەرلەمان مابوون، كە دواتر ئەو لیژنانەش دابەش كران.
بژار كۆچەر، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی، لە لێدوانێكدا ڕایگەیاند : "پارتی هەمیشە لە مافی خۆی خۆش بووە و سازشی لەسەر مافەكانی كردووە، بەپێی یاسای سانت لیگۆیش، ئێمە لەگەڵ هەموو فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەسەر ئەوە رێك كەوتبووین دابەشكردنی لیژنەكان بە شێوازی " 1.4 " بێت نەك " 1.7 " ، چونكە ئێمە پێمان باش بوو هەموو فراكسیۆنەكان ئەندامیان هەبێت، بۆیە ئەگەر لەسەر شێوازی " 1.4 " بێت، ئەوا هەمووان مافیان پارێزراو دەبێت".
كۆچەر گوتیشی: "پارتی لەسەر ئەو شێوازەش سازشی لە مافی خۆی كرد، چونكە ئیستیحقاقی پارتی ٢١ پۆستە، كەواتە سەرۆكی لیژنەكان و جێگر و بڕیاردەرەكانی بەردەكەوت، جگە لە ئەندام، بەڵام ١٩ پۆستی وەرگرت".
لەبارەی ئەوەی كە ئایا پارتی كەی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەرەكان دەستنیشان دەكات، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ: "پارتی حەوت سەرۆك و حەوت جێگر و پێنج بڕیاردەر وەردەگرێت و ناوەكانیشیان ئامادە كراون".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە