كیم سەرپەرشتی تاقیكردنەوەی مووشەكی كرۆز دەكات

كیم سەرپەرشتی تاقیكردنەوەی مووشەكی كرۆز دەكات

پەیامی کورد... كیم سەرپەرشتی تاقیكردنەوەی مووشەكی كرۆز دەكات



لە كاتێكدا كە مەشقە سەربازییە ساڵانەییەكەی نێوان كۆریای باشوورو ئەمریكا دەستیپێكرد، دەزگای هەواڵی ناوەندی كۆریای باكوور بڵاویكردەوە، ڕابەری كۆریای باكوور (كیم جۆنگ ئون) سەرپەرشتی تاقیكردنەوەیەكی موشەكی ستراتیژی كرۆزی كردووە.

دەزگاكە دەڵێت، كیم سەردانی كەشتیگەلێكی هێزی دەریایی وڵاتەكە كردووە لە كەناری ڕۆژهەڵات و سەرپەرشتی تاقیكردنەوەیەكی موشەكی كردووە كە لەسەر كەشتییەكەوە هەڵدراوە.

وتیشی: هەڵدانی موشەكەكە ئامانج لێی پشتڕاستكردنەوەی توانای شەڕی كەشتییەكەو خاسیەتەكەی بووە كە سیستەمی موشەكییە، هاوكات توانایەك دەدات بە دەریاوانەكان تاوەكو لە جەنگێكی ڕاستەقینەدا بتوانن ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن، وتیشی: موشەكی كەشتییەكە ئامانجەكەی پێكاوە.

دەزگاكە لە زاری كیمەوە بڵاویكردۆتەوە، كەشتییەكە ئاستی بەرزی جووڵەو هێزی هێرشكردنی و ئامادەیی بەردەوامی بۆ شەڕكردن دەپارێزێت، ئەوەش بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ دۆخە كتوپڕەكاندا بگونجێنێت.

هەڵدانی موشەكەكە لە كاتێكدایە كە دوێنێ‌ ئەمریكاو كۆریای باشوور مەشقە هاوبەشە ساڵانەییەكەی نێوانیان دەستپێكرد، كە ئامانج لێی پەرەدانە بە وەڵامدانەوەی هاوبەشیان بۆ مەترسییە ئەتۆمی و موشەكییەكانی كۆریای باكوور.

پیۆنگیانگ سەركۆنەی مەشقەكانی كردووەو دەڵێت، ئامادەكارین بۆ جەنگێكی ئەتۆمی.

كۆریای باشوور ڕایگەیاندووە، مەشقەكانی ئەم ساڵ گەورەترین مەشق دەبن و دەیان هەزاران سەرباز لە هەردوو وڵاتەكەوە بەشداری دەكەن، هاوكات هەندێك لە وڵاتانی ئەندام لە سەركردایەتی نەتەوە یەكگرتووەكانیشدا بەشدار دەبن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە