پەیامی کورد… ئیلام/ هێزەکانی سوپا هەڵیان کوتایە سەر وەشانگەیەکی کوردی
هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڵیان کوتاووتە سەر ماڵی بەرپرسی وەشانگەی باشوور، لە شاری ئەیوان سەر بە پارێزگای ئیلام و هەروەها شوێنی ئەم وەشانگەیان پشکنینەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ (٧ی شوباتی ٢٠٢٢)، هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی محەممەد مورادی نیساری، شاعیر و بەرپرسی وەشانگەی «باشوور» و دوای پشکنینی ماڵی ئەم چالاکە فەرهەنگی و ئەدەبییە، کەل و پەلی تایبەتی وەکوو مۆبایل و کۆمپیوتەری ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.
هەمان ڕۆژ هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپا هەڵیان کوتاووتە سەر بنکەی وەشانگەی باشوور لە ئیلام و ئەوێشیان پشکنیوە، شایانی باسە لە ماوەی ڕابردوودا ئەمە دووەمین جارە کە ئەم ناوەندە فەرهەنگییە لەلایەن ئەو هێزانەوە پشکێنراوە.
وەشانگەی باشوور وەکوو وەشانگەیەکی پسپۆڕ لە بواری ئەدەبیات ی کوردی بەتایبەت کوردی خواروو، چالاکی هەیە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو یەکێک لە سەرکەوتووترین ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی کوردی بووە.
شایانی باسە محەممەد مورادی نیساری چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگی ناسراوی کورد لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئیداری ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بانگ کراوە و لە پەیوەندی چالاکییەکانی لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کراوە.
سەرچاوەکانی هەنگاو باسیان لەوە کردووە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو چەندین چالاکی ئەدەبی و فەرهەنگی کە لە بواری زمانی کوردی چالاکییان هەیە، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی پارێزگای ئیلامەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.
وەشانگەی باشوور لە سێ ساڵ لەوە پێش خەڵاتێکی ئەدەبی بە ناوی «باشوور» ی لە بواری لێکۆڵینەوەی و ڕەخنەی ئەدەبی و زانستی پێشکەش بە نووسەرانی کورد دەکات.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە