پەیامی کورد... لە ڕۆژێکدا نزیکەی ١٣٠٠ پەنابەر بەرەو سنوورەکانی بەریتانیا چوون
کۆچبەران بە بەلەمی بچووک لە ڕێگایەکی پڕ مەترسیدا خۆیان دەگەیەننە بەریتانیا
ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی گەیشتنە بەریتانیا لە ڕۆژێکدا ئاستی پێوانەیی تۆمار کرد، لەگەڵ زیادبوونی هەوڵەکانی پەڕینەوەی کەناڵی ئینگلیزی مەترسیدار، سەرەڕای پلانی حکومەتی لەندەن بۆ ڕەوانەکردنیان بۆ ڕواندا.
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ڕایگەیاند، ڕێگری لە ٢٧ بەلەم کردووە کە هەزار و ٢٩٥ کەس-یان هەڵگرتووە، پاش ئەوەی ڕۆژی دووشەممە کەناڵەکەیان بڕیوە، ئەم ژمارەیە ژمارەیەکی پێوانەیی پێشووی شکاند کە گەیشتنی هەزار و ١٨٥ کەسە لە ڕۆژێکدا و لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا تۆمارکراوە.
بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی ماوە تەواوبووی بەریتانیا هیوادار بوو هەڕەشەی ڕەوانەکردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا، کە لە نیسانی ڕابردوو ڕایگەیاند، سەرەڕای هەوڵەکانی دیکە وەک گرتنەدەستی بەرپرسیارێتیی ڕێگری لە کۆچبەران لەلایەن هێزی دەریایی وڵاتەکەیەوە، ڕێگر بێت لەو کەسانەی بە بەلەمی بچوک هەوڵ بۆ گەیشتنە شانشینی یەکگرتوو دەدەن.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی لە نیسان-دا واژۆ کرا، بەریتانیا هەزاران کۆچبەر لەوانەی بەشێوەی نایاسایی خۆیان دەگەیەننە کەناراوەکانی، بۆ دووریی ٦٤ هەزار کیلۆمەتر ڕەوانە دەکات.
بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو دادگای باڵا لە لەندەن دانیشتن لەسەر سکاڵایەک بکات کە دژ بە سیاسەتی ڕەوانەکردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا تۆمارکراوە.
پێشتریش یەکەم گەشت کە بڕیار بوو کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە بگوازێتەوە، بە بڕیارێکی دادگای ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە دوا ساتەکاندا ڕاگیرا.
لە ساڵی ٢٠٢١دا گەیشتنی ٢٨ هەزار و ٥٢٦ کەس بە بەلەمی بچووک بۆ ئەو وڵاتە تۆمارکراوە، زۆرترین ژمارە ئێرانییەکان بوون، بەدوایدا هاووڵاتییانی عێراق، ئەریتریا و سووریا دێن.
لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە زیاتر لە ٢٢ هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە بەریتانیا و بەرپرسانی حکومی هۆشداری دەدەن لەوەی ژمارەکە تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە ٦٠ هەزار.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە