پەیامی کورد ... لە هەولێر ڕۆژانە زیاتر لە ١٠ کەس پلازمای خوێن دەبەخشن
بەڕێوبەری بانكی خوێنی هەولێر رایدەگەێنێت، لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە ١٠ كەس پلازمای خوێن دەبەخشن و ژمارەكەش تا دێت روو لە زیادبوونە، هاوکات ١٥٠ بۆ ٢٠٠ كەس لە رۆژێکدا بۆ بەخشینی خوێن رو لە نەخۆشخانەکە دەکەن.
د. هونەر عومەر دڵپاك، بەڕێوبەری بانكی خوێنی هەولێر رایگەیاند، "دوای بانگەوازەكانی ئێمەو وەزارەتی تەندرووستی لە ئێستادا رۆژانە زیاتر لە ١٠ كەس سەردانی بانكی خوێنی هەولێر دەكەن بۆ بەخشینی پلازمای خوێن، بە تایبەتی ئەو كەسانەی كە ڤیرووسی كۆرۆنایان تێپەڕاندوە، دەتوانن پلازما ببەخشن، هەروەها ڕۆژانەش ١٥٠ بۆ ٢٠٠ كەس سەردانمان دەكەن و خوێن دەبەخشن ئەو ژمارانەش رۆژانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و روو لە هەڵكشانە".
ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش ئەو كەسانەی ڤیرووسی كۆرۆنایان تێپەڕاندوە دەکەن سەردانیان بكەن و پلازما ببەخشن، بۆ ئەوەی ببنە هۆی بەخشینەوەی ژیان بە کەسێکی دیکە.
بەڕێوبەری بانكی خوێنی هەولێر باسی لەوەشکرد، لە ماوەی رابردوودا قەدەغەی هاتووچۆ كاریگەری لەسەر هاتنی هاووڵاتیان بۆ سەنتەری خوێن هەبوە، بەڵام دواتر بە هاوكاری لەگەڵ ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئەو كێشەیان چارەسەركردوە، ئێستا رۆژانە هاتنی هاووڵاتیان بۆ بانكی خوێن روو لە زیادبوون دەکات."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە