پەیامی کورد... لە ئەمریکا هەڵدانی کەشتییەکی ئاسمانیی کۆمپانیای بلو ئۆریجن شکستیهێنا
کەشتی ئاسمانیی بێ فڕۆکەوانی کۆمپانیای فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانیی بلو ئۆریجن کە خاوەنەکەی بازرگانی ئەمریکی جێف بیزۆس-ە، دوای چەند خولەکێک لە هەڵدانی بەهۆی هەڵەیەکەوە تاقیکردنەوەکەی شکستی هێنا.
کەپسولەکەی بلو ئۆریجن کە ناوی نیو شیپارد-ە و ٢٣مین جارە لە بنکەی بۆشایی ئاسمانی کەیپ کانەڤیراڵ لە تێکساس هەڵدەدرێت لە پاش ماوەیەکی کەم لە هەڵدانی بەهۆی کێشەیەکەوە لە بەشی مووشەکەکەی نەیتوانی بەردەوام بێت لەسەر گەشتەکەی.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تویتەری کۆمپانیاکەدا بلاوکراوەتەوە، هاتووە: ''ئەمڕۆ لە میانی ناردنی کەشتییەکەدا هەڵەیەک لە سیستمی بزوێنەری گواستنەوەدا روویدا. سیستمی رزگارکردنی کەپسولەکە بە سەرکەوتووی لە بەشی بزوێنەری کەپسولەکە جیابووەوە ،هێزبەخشەرەکە کەوتە سەر زەوی، رووداوەکە هیچ بریندارێکی لێنەکەوتووەتەوە'.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کۆمپانیاکە ساتی هەڵدانی مووشەکەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تیادا دەردەکەوێت کەپسولەکە کە لە بەشی مووشەکەکە جیابووەتەوە و رزگاری بووە لە چەند خولەکێکدا لە چۆڵەوانییەکی تێکساسدا بە پەڕەشوت دابەزیوەتە سەر زەوی.
لە کاتێکدا مووشەکەکە بەخێرایی هەزار و ١٢٥ کیلۆمەتر لە بەرزایی هەشت هەزار و ٥٠٠ مەتر دەڕۆیشت، کاتێک کەپسولەکە لە نزیکەی ١١ هەزار و ٣٠٠ مەتردا بوو لێی جیابووەوە.
هەرچەندە کۆمپانیاکە هێشتا نیو شیپارد بەکاردەهێنێت بۆ ئەرکەکانی بۆشایی ئاسمانی بێ فڕۆکەوان، بەڵام پلانی هەیە لە داهاتوودا سیستەمەکە بۆ گەشتیاری بۆشایی ئاسمان بەکاربهێنێت.
جێی باسە کۆمپانیای بلو ئۆریجن کە مانگی رابردوو دوایین گەشتی بە پارە لە چوارچێوەی گەشتوگوزاری بۆشایی ئاسمان ئەنجامدا، تا ئێستا ٣١ کەسی گواستۆتەوە بۆ سنووری بۆشایی ئاسمان کە ١٠ خولەکی خایاندووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە