پەیامی کورد … ٤٠ لەسەدی دەرچووانی زانکۆ لە ئێران بێکارن
جێگری وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیی ئێران بە ئاماژەدان بەوەیکە ٤٠ لەسەدی دەرچووانی زانکۆکان لە حەشیمەتی بێکاری ئێرانن، وتوویەتی: ''ئەو ڕێژەیە کارەساتبارە بە مانای ئەوەیە کە ئێمە نەماتوانیوە هێزی کار بە باشی پەروەردە بکەین''.
بە وتەی ''عەلی خێرەدین'' جێگری وەزیری زانست، لێکۆڵینەوە و تێکنۆلۆژیی ڕێژیمی ئێران، نەبوونی داهاتوویەکی گەش لە دواڕۆژی گەنجەکان و خوێندکاران، ئەو توێژەی تووشی بێهیوایی کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ''ئیرنا'' ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێک لە قسەکانی خۆیدا ئاماژەی بە لاوازبوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە بەشی فەناوەری کردووە و وتوویەتی: ''بەدەستهێنانی پلەی ٧١ لە ساڵی ٢٠٢١ نیشان دەدات کە ئێمە نەمانتوانیوە لە تیجاریکردنی زانست سەرکەوتوو بین''.
بەپێی قسەکانی جێگری وەزیری زانست، لە ئێستادا ژمارەی خوێندکارانی ئێران لە قۆناغەکانی کارناسیی باڵا و دوکتورا، ٨٠٠ هەزار کەسە، بەو حاڵەوە داهێنانی تێکنۆلۆژی زۆر لاوازە.
لە خوارەوەبوونی پلەی ئێران لە بواری داهێنان و ئاماری ٤٠ لەسەدیی بێکاران لە حاڵێکدا ڕادەگەیەندرێت کە زۆرێک لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران چەند پیشەیان هەیە و دابەشکردنی سەقەت و ڕانتیبوونی دەسەڵات و پیشەکان لە ئێران لەسەر ڕێژەی بەهرەمەندی کاریگەریی داناوە و بەپێی قسەکانی جیگەری وەزارەتی زانست، هەم ڕێژەی خوێندکارانی بێکار زۆرە و هەمیش ڕێژەی داهێنانی زانستی کەمتر لە نێونجیی جیهانییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕێژیمی ئێران لە ساڵی ١٤٠٠ی هەتاوی، لە هەر ١٠ کەسی خەڵکی ئێران، تەنیا ٣ کەس کاری گونجاویان هەیە کە ئەو ڕێژەیە لە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو زۆر نزمە.
پشکی گەنجەکانی تەمەن ١٥ هەتا ٢٤ ساڵ لە حەشیمەتی بێکاری ئێران زیاتر لە ٢٢ لەسەد ڕاگەیەندراوە و لە حەشیمەتی تەمەن ١٨ هەتا ٣٥ ساڵ، نرخی بێکاری ١٥.٦ لەسەد تۆمار کراوە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامارە و بەڵگەکان ئاشکارایە کە بێکاربوونی حەشیمەتێک کە ئامادەی کارن، گەیشتووەتە جێگای قەیران، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدەن نرخی بێکاری لە ئاستێکی نزمدا پیشان بدەن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە